مەحما خەلیل: سبەی شاندێکی باڵای عێراق دەچێتە شنگال
__2023_02_18_h15m22s17__ER.jpg)
شنگال -KDP.info- نوێنەرێکی کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لەسەر داواکاریی ئێمە بڕیارە شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق سەردانی دەڤەری شنگال بکات و دەشڵێ، مەبەست لە سەردانەکە ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال و گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییە بۆ دەڤەرەکە.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوو چەندین داواکاریی خەڵکی شنگال و کوردانی ئێزدیمان گەیاندە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە سبەی یەکشەممە 19/2/2023 شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی دەڤەری شنگال بکات و شاندەکە نوێنەری سوودانی و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی تێدایە، سەردانی گوندی کۆچۆ و ناوەندی قەزای شنگال دەکەن.
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "مەبەست لە سەردانی شاندی باڵای عێراق ئەوەیە لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی شنگال ببن و ھەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی دەڤەرەکە بنێن، ھەروەھا خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە شنگال و ئەو بەڵێنانەی بۆ دامەزراندن و ئاوەدانکردنەوەی شنگال دراون جێبەجێ بکرێن.''
مەحما خەلیل روونی کردەوە: "دوای سەردانی میری ئێزدییان بۆ دەرەوە و گەیاندنی پەیامی کوردانی ئێزدی بە وڵاتانی زلھێزی جیھان گۆڕانکاری بەسەر دۆزی کوردانی ئێزدی ھاتووە و عێراق دەیەوێت گرینگیی زیاتر بە ناوچەکانی کوردانی ئێزدی بدات و ھەوڵێکی زۆر باش دەستی پێ کردووە بۆ ئەوەی رەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە.''
قائید میرۆ




