پارتی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات لە کەرکووک تەعدا لە کورد بکرێت

کەرکووک -KDP.info- پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەیەوێت بەزۆر بڕیارەکانی دژی کورد لە کەرکووک جێبەجێ بکرێت کە کاری ئەوان نییە و پارتییش بە هەموو شێوەیەک هاتووەتە سەر خەت و ڕێگە نادات کە تەعدا لە کورد بکرێت.
لوقمان حوسێن، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێستا ڕاکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، دەیەوێت بڕیارەکانی دادگا لەبارەی سکاڵاکانی عەرەبی هاوردە جێبەجێ بکات کە کاری ئەو نییە و هەر کارێک هەبێت پێویستە لە ڕێگەی دادگاوە بێت و لە وەزارەتی دادیش بڕیارێک دەرچووە ناکرێت ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکرێن و ئیدارەی سەپێندراویش دەیەوێت ئەو بڕیارە لەسەر کوردەکان جێبەجێ بکات بۆ داگیرکردنی زەوییەکانیان، کە ئەوە کاری ئیدارە نییە و لایەنی جێبەجێکار هەیە گەر شتێکی لەو شێوەیە هەبێت.''
لوقمان حوسێن گوتیشی: ''هەمووان لەسەر خەتین بۆ ڕێگریکردنی ئەو کارە و لەگەڵ یوئێنیش قسەمان کردووە و لە هەموو پێشێلکارییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە و 33 دۆسیەی گەندەڵی پارێزگاریشمان پێشکەش کردووە بە بەڵگەوە وەکوو گەندەڵی ئیداری و زەوی و جۆری دیکە، بۆیە هەموومان بە یەک پاکێج پێشکەش کردووە.''
هەر لەم بارەیەوە، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە هاتووینەتە سەرخەت لەبارەی تەعداکردن لە کوردی سنووری کەرکووک و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین کە تەعدا لە کورد بکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




