٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەکتەبی سیاسیی پارتی: ئەو مێژووە پڕبەخششەی یەکێتیی قوتابیان جێگای شانازییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌بۆنه‌ی (۷٠) هەفتاهه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی قوتابییانی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەی ڕاپەڕاندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان كرد. 

دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەی ڕاپەڕاندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.. 

ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانە، ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرەی کە بەر لە(٧٠) ساڵ بە بڕیار و ڕێنمایی (بارزانیی نەمر) و پارتی دیموکراتی کوردستان لە(١٨ـی شوباتی ١٩٥٣)دامەزرا، دەسکەوتێکی دیکە و گرنگی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و، هەروەها یەکەمین سەکۆ و بڵندگۆی ڕێکخراوەیی و پیشەیی قوتابیانە لە مێژووی دێرین و نوێی ئەو توێژەدا.

یەکێتیی قوتابیانی كوردستان، ڕێکخراوێکی گرنگی ناو بزاڤی ڕێکخراوەیی کۆمەڵگاکەمانە، لەبەرئەوەی قوتابیان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە پێشکەوتن و گۆڕانکاری و بەرەوپێشبردنی وڵات و کۆمەڵگا.

ڕۆڵ و سەنگی یەکێتیی قوتابیانی كوردستان لە هەموو بارودۆخێکدا بایەخدار و هەستیار بووە، هەمیشە هێزێکی کۆمەڵایەتی و مەدەنی بووە و لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی پێگەیاندن و هۆشیارکردنەوە و زانستدا. 

بە درێژایی خەباتی ڕێکخراوەیی خۆی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی توێژی قوتابیان، بەرپرسانە داکۆکی لە داخوازییەکانی سەرجەم قوتابیان و پاڵپشتی داواکاری و خواستە ڕەواکانیان بووە، هەروەکو لەسەرجەم قۆناغەکانی خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەییشماندا ئامادەگی و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، بۆیە ئەو مێژووە پڕبەخششەی جێگای شانازییە، کە بەدەیان سەرکردە و کەسایەتیی ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری پێگەیاندووە. 

ئاواتەخوازین بۆ لەمەودواش بە گیانی بەرپرسیاریەتی و دڵسۆزانە بەردەوامبن لە نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم قوتابیانی کوردستان و، بەپێی گۆڕانکارییەکانی قۆناغەکەش نوێکاری لە کاری ڕێکخراوەییدا بکەن و کار و چالاکییەکانتان لە هەموو ئاستێکدا پەرە پێبدەن بەجۆرێک کە لە خزمەت ئەو توێژە و ڕەوتی زانست و خوێندن و ڕۆشنبیری و پەروەردەی دروست و، دروستکردنی تاکی بەرهەمدار بێت لە وڵاتەکەماندا.

بەو بۆنەیەوە وێڕای پیرۆزباییمان بۆ ئێوە و سەرجەم کادیر و ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان و تێکڕای قوتابیانی کوردستان، پشتیوانیی خۆمان بۆ خواست و داواکارییەکانتان دووبارە دەکەینەوە، ئومێدەوارین هەردەم لە ئاست ئەو پەیامە پیرۆزەتان بن و دەسکەوتی زیاتر بۆ قوتابیان بەدی بێنن.

سڵاو لە گیانی پاکی ئەو پێشەنگ و سەرکردە و کادیرە نەمرانەی لە رێگای خەباتی یەکێتیی قوتابیان کوردستان گیانیان بەخشی.. 

سڵاو لە خەبات و بیرەوەریی (٧٠) ساڵەی دامەزراندن و تێکۆشانی بەردەوامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان..  

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٨ـی٢ـی٢٠٢٣

هەواڵی پەیوەندیدار