"لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەموو زەوییە کارتەکانی ھەولێر دەکرێنە سەنەد"
_(1)__2023_02_16_h19m29s56__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی بە پرسی زەویی کارت بھێندرێت لە ھەولێر و دەوروبەری بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگاری ھەولێریش لایەنە پەیوەندارەکان ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی بە ڕێکارە یاسایی و ھونەرییەکانی گۆڕینی زەویی کارت بۆ سەنەد بھێنن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ھاتووە: "ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی وەزیری داد و شارەوانی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەسەر چەند پرسێکی زەویوزار بەڕێوە چوو، یەکێک لەو بابەتانەی بڕیاری لەسەر درا گۆڕینی زەویی کارتە بۆ سەند و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەموو زەویی کارت لە ھەولێر و دەوروبەری بکرێنە سەنەد، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر 143 ھەزار پارچە زەویی کارت ھەن و پێشتر کاری لەسەر کراوە و لەو ژمارەیە 123 ھەزار پارچە زەویی کارت کراونەتە سەند، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانیش لە دەوروبەری ھەولێر 35 ھەزار زەویی کارت ھەن و پێشتر 10 ھەزار پارچە زەوی لە کارتەوە کراونەتە تاپۆ.''
لە لێدوانێکی پێشوودا سەرتیپ خالس، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندبوو: "ساڵانی ڕابردوو لەسنوری شارەوانیی ھەولێر و قەزا و ناحیەکانی سەر بە ھەولێر ژمارەیەکی زۆر پارچە زەویی بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش کراون و ھێشتا ژمارەیەکی زۆری ئەو زەوییانە کارتن و نەکراونەتە سەنەد و کار دەکرێت بۆ کۆتاییھێنان بە زەویی کارت.''
لە کۆبوونەوەی ئەم حەفتەیەدا بڕیار درا لایەنە پەیوەندارەکان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و کشتوکاڵ و یەکەی کارت و سەنەد ڕاسپێردران، پەلە بکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو زەوییانەی کارتن بکرێنە سەنەد و کۆتایی بە ڕێکارە یاسایی و ھونەرییەکان بھێنن.''
قائید میرۆ




