حوسێن کەلاری: ھیچ وڵاتێک بەقەت ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەی نەکردووە
__2023_02_16_h16m10s35__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئاستەنگ بۆ گەیاندنی ھاوکاری ھەیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، ھیچ وڵاتێک بەقەت ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان نەکردووە.
حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی ھەینی کۆتا ڕۆژی کەمپینی کۆکردنەوەی ھاوکارییە بۆ زیان لێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەپێی داتاکانیش ھاوکارییەکی زۆر تا ئێستا کۆ کراوەتەوە و بەشێکی ڕەوانەی تورکیا و سووریا کراوە و بەشێکی دیکەیشی لە ڕۆژانی داھاتوو ڕەوانە دەکرێت، بەپێی مەزەندەی خۆمان وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ وڵاتێک بەقەت ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی زیان لێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی نەکردووە.''
بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت: "تیمی فریاکەوتنی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی کارکردنیاندا لە باکووری کوردستان توانیویانە ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتی ژێر تەلارە ڕووخاوەکان دەربێنن و تەرمێکی زۆریش دەرھێنراون لەلایەن تیمەکانی ھەرێمی کوردستان، یەکێک لە کارمەندانی تیمی ھەرێم لە باکووری کوردستان بەھۆی کارکردنەوە بریندارە.''
لەبارەی ڕەوانەکردنی ھاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان حوسێن کەلاری گوتی: "ھەرێمی کوردستان بە یەک چاو تەماشای باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و جیاوازی ناکرێت لە گەیاندنی ھاوکارییەکان، بەڵام ئاستەنگ بۆ ڕەوانەکردنی ھاوکاری ھەیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و ئەوەیشی تا ئێستا ڕەوانە کراوە لەوێ وەک پێویست دابەش ناکرێت و ناگات بە دەستی زیان لێکەوتووان، ھەر لە یەکەم ڕۆژەوە وەزیری ناوخۆ لە ھەوڵدا بوو تا ڕێگە بکرێتەوە بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.''




