عومه‌ر نووره‌دینی: سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ باکووری كوردستان و توركیا په‌یامی هاوسێیه‌تیی باش و مرۆڤدۆستانه‌یه

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بۆ باکووری كوردستان و توركیا له په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیدا نیشانده‌ری دراوسێیه‌تیی باش و مرۆڤدۆستییه و له‌لایه‌ن به‌رپرسانی توركیاوه سوپاسی تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه بۆ هاوخه‌می و هاوكارییه‌كانی.
پ ی. د. عومه‌ر نووره‌دینی، مامۆستای زانكۆ، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بۆ باکووری كوردستان و توركیا ڕایگه‌یاند: ''گرنگیی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، بۆ توركیا و باکووری كوردستان به شێوه‌ی سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ بینینی زیان لێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه و ده‌ربڕینی ڕاسته‌وخۆی هاوخه‌می بۆ كه‌سوكاری گیان له‌ده‌ستداوانی بوومه‌له‌رزه‌كه، كاریگه‌رییه‌كانی له چه‌ندین لاوه گرنگه، یه‌كه‌م ئه‌وه كه له بواری په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئێمه دراوسێین، پره‌نسیپی دراوسێیه‌تیی باش له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ماف و ئه‌ركی دووسه‌ره ده‌خاته سه‌ر ده‌وڵه‌تان و قه‌واره سیاسییه‌كان، بۆیه له كاتی ڕوودانی كاره‌ساتی سروشتی‌دا، ده‌بێ به ئه‌ركی خۆمانی بزانین كه چیمان پێ ده‌كرێت بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تی و هه‌ستكردن به ئێش و ئازار و هاوخه‌میان بیکەین، بۆیه ئه‌مڕۆ جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم كه نوێنه‌ری باڵای هه‌موو هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه، له‌گه‌ڵ خۆی په‌یامی هاوسۆزیی گەیاندووه و له ڕووی دیپلۆماسییشه‌وه چه‌مكێك هه‌یه كه پێی دەگوترێ دیپلۆماسیی كاره‌ساتی سروشتی، كه ئه‌م جۆره دیپلۆماسییە جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له كاتی ڕوودانی كاره‌ساتی سروشتی به‌سه‌ر گه‌ل و ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی‌دا، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت نێوانی ئه‌و دوو وڵاته له ڕووی سیاسییه‌وه‌ناخۆشیش بێت، گرنگە پرسه مرۆییه‌كان بكه‌وێته سه‌رووی په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كانەوە، بۆیه سه‌ردانی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ باكووری كوردستان و توركیا به‌رجه‌سته‌ی ئه‌وه‌یه كه ئێمه وه‌كوو مرۆڤایه‌تی ده‌بێ هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش و به‌های هاوبه‌ش و پره‌نسیپی هاوبه‌شمان هه‌بێت و له كاتی ته‌نگانه و لێقه‌وماندا سنووره سیاسییه‌كان كاڵ ده‌بێته‌وه و مرۆڤایه‌تی به یه‌كه‌وه كۆمان ده‌كاته‌وه و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی هه‌ڵوێستی به‌رزی مرۆیییانه‌ی گه‌لی كوردستانه. له‌بیرمان نه‌چێت كه له‌م سه‌ردانه‌یدا جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لمانده‌وه كه له‌گه‌ڵ به‌شی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی كه بوومه‌له‌رزه گرتوونییەوە، ئێمه خاوه‌نی ناسنامه‌ی هاوبه‌شین كه بریتییه له كوردبوون به واتا ئیجابییه مرۆیییه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها یاسا و پره‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ساته‌وه‌ختی ئاوادا هانی هه‌موو لایه‌ك ده‌ده‌ن كه ده‌بێ هه‌مووان به كه‌ڵكی یه‌كتری بێین و له ڕووی سیاسییشه‌وه توركیا وه‌ك ده‌وڵه‌ت و ئێمه‌ش وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی په‌یوه‌ندیی دوور و درێژ و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان هه‌یه.''
عومه‌ر نووره‌دینی گوتیشی: ''بینینی به‌رپرسانی توركیا، له‌وانه وه‌زیری ده‌ره‌وه و له به‌رزترین ئاستدا بینینی سه‌رۆككۆماری توركیا و گه‌یاندنی هاوخه‌میی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی به به‌رپرسانی توركیا و گه‌لی توركیا و گه‌یاندنی هاوكارییه مرۆییه‌كانی كوردستان له ڕووی فریاگوزاری و ته‌ندروستییەوە نیشانه‌ی هه‌ڵوێستی به‌رزی ئینسانی و مرۆڤدۆستانه‌ی كوردستان بووه و به‌رپرسانی باڵای توركیا ئه‌و هاوسۆزی و هاوكارییانه‌یان به‌رز نرخاندووه و پێزانینی تایبه‌تیان هه‌بووه بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك دراوسێیه‌كی باش هاوكاریان بووه و سه‌ردان و هاوكارییه‌كان به شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ و باش ئامانجی خۆی پێكاوه و سه‌ردانێكی سه‌ركه‌وتوو بوو.''
سه‌لاح جه‌لال




