نێچیرڤان بارزانی لە باکووری کوردستان: لە هەموو ماڵەکانی کوردستان پرسەیە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی هاوخەمی بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات، چووە دیلۆکی باکووری کوردستان و گوتی، بەهۆی ئەو کارەساتەی روویداوە لە هەموو ماڵەکانی کوردستان پرسەیە.
نێچیرڤان بارزانی لە دیلۆک سوپاسی سەرۆکی پارێزگاری شارەکەی کرد و گوتی، سەردانەکەیان بۆ دەربڕینی "خەمخۆریی و پەیمانی وەفادارییە" بۆ خەڵکی لێقەوماو.
بە ناوی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لەو ماڵباتانە کرد کە "ئازیزانیان" لەدەستداوە. هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە هاوکارییەکانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "لە هەموو دۆخە ناخۆشەکانماندا میللەت و دەوڵەتی تورکیا هاوکار و پاڵپشتمان بوون."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: "بەهۆی ئەم موسیبەتەوە لە هەموو ماڵەکانی کوردستانی عێراق پرسەیە. لە زۆر شوێن ئاهەنگ نەکراوە بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ئەوان و گەلی تورکیا."
وەک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "بەگوێرەی ئیمکانیاتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بێت، دەیکەین." هەروەها دەڵێت، "بەم ئیمکانە کەمەی کە هەمانە دەمانەوێت وەفاداریی خۆمان بۆ میللەتی تورکیا دووپات بکەینەوە."
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەتی کرد، چونکە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ئەوەی لەدەستیان هاتووە کردوویانە. هەروەها "بە تایبەت" سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد.
لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئیشەڵڵا ئەم دۆخە ناخۆشە تێدەپەڕێت، لەوە دڵنیام. هەروەها دڵنیاشم کە حکومەت و سەرۆککۆماری تورکیا رژد دەبن لەسەر ئاوەدانکردنەوەی شارەکان. تورکیا وڵاتێکی مەزنە و بە دڵنیاییەوە بە سەربەرزیی بەسەر ئەم قەیرانەدا زاڵدەبێت."




