٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەزینی نڕخی دۆلار نرخی کاڵای دابەزاند"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- لەگەڵ بڕیارى دابەزاندنى نرخى دۆلار لەلایەن بانکى ناوەندیی عێراقەوە بازرگانان باس لەوە دەکەن کە خواردەمەنی و ئەو پێداویستییانەى لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، ١٠% نرخەکەیان لەدەست داوە و بەردەوامیى دابەزینى نرخى دۆلار کاریگەریى لەسەر بازاڕ دەبێت.

شەریف حاجى ڕەسووڵ، خاوەنى کۆمپانیاى سەفرە، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستان ڕاگەیاند: "لەگەڵ دابەزینى نرخى دۆلار بەرامبەر دینار، کاریگەرى دەبێت لەسەر دابەزینى نرخى ئەو کاڵایانەى هاوردە دەکرێن، بۆ نموونە هەموو ئەو ماددانەى لە دەرەوە هاوردە دەکرا ٢٠% نرخى گران بووبێت لە کاتى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار، ئەوە ئێستا و لەگەڵ دابەزبنى نرخى دۆلار ١٠% نرخەکەیان دابەزیوە، لەگەڵ بەردەوامیى دابەزبنى نرخى دۆلار ئەوە زیاتر نرخى تەواوى ئەو ماددانەى هاوردە دەکرێن، هەرزان دەبێت.''

شەریف حاجى گوتیشی: "ئەگەر ڕاستەوخۆ دۆلار لە بانکەوە بە ١٣٢ دۆلار بگاتە دەستى بازرگانەکان ئەوە زۆر زیاتر نرخى ئەو کاڵایانە هەرزان دەبێت و دەیانهێننە بازاڕەکان، دەشبێت بازرگان ویژدانى هەبێت، من وەک خاوەن کۆمپانیایەک کاتێ کۆمپانیاکەمان خواردەمەنییەکانمان بە ١٤٧ دۆلار هاوردە کردبوو، لە کاتى بەرزبوونەوەشى ١٧٧ دۆلار هیچ لە نرخەکەیم زیاد نەکرد، خۆم ڕاگرت ئێستەش ئەوە دۆلار بەردەوام لە دابەزیندایە.''

نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "بەردەوامیى دابەزینى نرخى دۆلار بەرامبەر دینارى عێراقى، نرخى پێداویستیی هاووڵاتییان لە بازاڕ هەرزان دەبێت، ئێمەش وەک چاودێرى بازرگانى لە بازاڕدا دەبین بۆ بەدواداچوونى نرخى کاڵاکان هەر بازرگان و مارکێتێک نرخى دانەبەزاندبێت، لێپێچینەوەى لەگەڵ دەکرێت".

نەوزاد کامیل گوتیشى: "زۆرێک لە بازرگان و خاوەن مارکێتەکان هاوکار بوون، تەناتەن هەیانبوو وەک هەرزانبازاڕ مامەڵەیان دەکرد، پێشنیار دەکەین بۆ هەموو ئەو کەسانەى مامەڵە دەکەن بە خانوو ئۆتۆمبێل بە دینارى عێراقى بیکەن، ئەوە سەقامگیریى بازاڕى لێ دەکەوێتەوە و چارەسەرێکى باشە".

زیاتر دەڵێ: "هەمەچەشنکردنى سەرچاوەکانى داهات و گرنگیدان بە زیادکردنى بەرهەمى ناوخۆ، بازاڕەکانى کوردستان پڕ بکاتەوە، هەناردەى دەرەوە بکەین و پارەى قورس بگەڕێتەوە بۆ ناوخۆى کوردستان".

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار