نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له شاندێكى چینى كرد

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2023/2/13 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى كۆمارى مللیى چین به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز ژوو ڕووى، یاریدەدەری وەزیر لە فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى کۆمیتەی ناوەندیی پارتى كۆمۆنیستى چین كرد.
له دیدارێكدا كه به‌ڕێزان باڵیۆزى چین له به‌غدا و به‌رپرسان له كونسولخانه‌ى گشتیى چین له هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، په‌یوه‌ندییه‌كانى چین له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌مى، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، تاوتوێ كرد.
هه‌ردوولا ئاماژه‌یان به‌وه دا كه به بایه‌خه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى چین له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن و خوازیارى بره‌ودان به هاریكاریى نێوانیانن، به‌تایبه‌تى له بوارى بازرگانى و كولتووریدا. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه باس له كار و چالاكییه‌كانى كۆمپانیا چینییه‌كان له عێراق كرا.
ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه جێبه‌جێكردنى سیستمى فیدرالى له عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته هۆى سه‌قامگیرى و بره‌ودانى زیاتر به بوارى ئابوورى. هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى دووپاتكرده‌وه بۆ سوودمه‌ندبوون له‌و پرۆژانه‌ى چین له عێراق ئه‌نجامیان ده‌دات.
په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، شه‌ڕى دژى تیرۆر و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو.




