٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەردانەکانی سەرۆکی حکوومەت بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی ئیمارات بێن لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان بکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، سەردانەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات گرنگیی زۆری هەبووە و لینکێکی باشی دروست کردووە لە نێوان هەرێم و ئیمارات و بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی ئیمارات بێن لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان بکەن، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزار.

بەڕێوەبەری مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر هەڤاڵ سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلان و بەرنامەی ئەوە بووە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان دروست بکرێت بە مەبەستی هێنانی وەبەرهێنەرانی بیانی، لەوانە وڵاتی ئیمارات کە سەرۆکی حکوومەت چەندین جار سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و لە زۆر کۆڕبەند بەشدار بووە و ئەوانیش سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەسەر ئاستی حکوومی و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان، چونکە چەندین کۆمپانیایان هاتوون و مۆڵەتیشمان پێ داون وەبەرهێنان بکەن لە هەرێمی کوردستان، ئەوان دیانەوێت زیاتر لە دوو بوار کار بکەن کە بریتین لە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار .

دکتۆر هەڤاڵ سدیق گوتیشی: ''بەم دواییانەش کۆمپانیایەک هاتە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای سەردانی ساڵی ڕابردووی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئیمارات و لە زاخۆ پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیی زۆر گرنگ جێبەجێ دەکات، ئەو پەیوەندییانەی دروست بوون و هاتنی کۆمپانیاکانی ئیمارات بۆ ئەوە دەگەرێتەوە سەرۆکی حکوومەت لینکێکی  باشی لە نێوان هەرێم و ئیمارات دروست کردووە.

سدیق باسی لەوەش کرد: سێ مۆڵەتی پڕۆژە دراوە بە کۆمپانیا ئیماراتییەکان و ئێستاش داواکاری و پرۆپۆزەڵیان پێشکەش کردووە و پێیان خۆشە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پڕۆژە جێبەجێ بکەن و سەردانی بەردەوام دەکەن بۆ ئەوەی کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

گووتیشی: ''ئێمە سوودمان لە ئەزموونی  وەرگرتووە وەکوو حکوومەت و وەبەرهێنانیش، چونکە شوێنکی جوگرافیی باشیان هەیە و سەنتەرێکی بازرگانین، بۆیە سوودمان لە سەردانەکان بینیوە.''

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار