سه‌رۆكى حكوومه‌ت سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانى ڕاسپاردووه بۆ سه‌رخستنى پلانه‌كه

هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى دەستەی گشتیی گەشتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌یەنێت، ژوورێكى گه‌شتیارى له نێو نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم له ده‌ره‌وه ده‌كه‌نه‌وه به مه‌به‌ستى زیادکردنى گه‌شتیارى بیانى له هه‌رێمى كوردستان.
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پلانێكى هه‌شت ساڵه‌مان هه‌یه له 2022 ته‌واو بوو و ئه‌مساڵ ده‌كه‌وێته قۆناغى جێبه‌جێكردن و تاوه‌كو ساڵى 2030، كه تایبه‌ته به پێشخستنى سێكته‌رى گه‌شتوگوزار له هه‌رێمى كوردستان و ئامانجە ستراتیجییه‌كه‌شى بریتییه له زیادكردنى ژماره‌ى گه‌شتیارانى بیانى له‌پاڵ ژماره‌ى گه‌شتیارانى ناوخۆ، چونكه له‌سه‌دا 85ى گه‌شتیارانى ئێمه ئه‌وانه‌ن كه له ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراقەوە دێن."
به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ڕاشیگه‌یاند: "كاریگه‌ریى گه‌شتیارى بیانى زۆر زیاترە به به‌راورد به گه‌شتیارانى ناوخۆ له ڕووى ئابوورییه‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ خۆیان دراوى قورس دێنن، بۆیه بڕیاره ژوورى گه‌شتیارى له سه‌رجه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ده‌ره‌وه بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ژووره له بۆنه تایبه‌ته‌كان هه‌ڵبستێت به ئه‌نجامدانى چالاكى و كۆڕبه‌ند و ڤیستیڤاڵ و تێیدا كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌رى بیانى داوه‌ت بكات تا له‌و رێگایه‌وه ئاگاداریان بكاتەوە كه هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ى عێراق، به‌ڵام له رووى ئه‌من و ئاسایشه‌وه به‌ته‌واوى جیاوازه و له‌باره بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانیش تا بێن پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى دروست بكه‌ن و گه‌شتیارى بیانیش بێنن بۆ هه‌رێم."
عه‌بدولمه‌جید گوتیشی: "بۆ كردنه‌وه‌ى ژووره‌كه نووسراوى فه‌رمیمان ئاراسته‌ى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه كردووه و، ته‌نها ڕۆتیناتى ئیدارى ماوه، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش به بڕیارى مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رجه‌م دامه‌زراوه و وه‌زاره‌ته‌كانى ڕاسپاردووه كه هه‌ماهه‌نگ و پاڵپشت بن بۆ سه‌رخستنى پلانه‌كانى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار ".
نەشوان بەرزنجی




