پارتی بەشداری لە ساڵیادی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیدا دەکات

هەولێر-KDP.info- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێک کە پێکھاتبوو لە مەحموود محەمەد و جەعفەر ئێمینکی، بەشداریی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیان کرد.
بەڕێز میرانی، بە ناوی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مەزنەی لە کۆماری ئیسلامی و گەلانی ئێران کرد و ڕایگەیاند، زوڵم و ستەم ناتوانێت خۆڕاگر بێت لە بەردەم ئیرادە و خواستی گەلدا.
جەختیشی لە گرنگی و پێویستیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفت و جیاوازیانەی دێنە پێش.
فازڵ میرانی ڕوونیشی کردەوە، کۆماری ئیسلامی و گەلانی ئێران، هاوکاریی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانیان کردووە لە کاتە سەختەکاندا و، لەگەڵ ئەوەدا ئێمە بەرپرسیاریەتیی دراوسێیەتیشمان لەسەر یەکتر هەیە و دەبێت هەماهەنگ بین بۆ بەدەستهێنانی ئارامی و پێشکەوتنی ناوچەکە لە تەواوی بوارەکاندا.




