بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی و شاندێکی باڵای حیزبی شیوعی چین کۆبوونەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی شیوعی چین، کە یاریدەدەری وەزیر دەرەوەی ئەو وڵاتەشە، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن دکتۆر جەعفەر ئێمینکی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی و چەند بەرپرسێکی باڵای پارتییەوە پێشوازی کران.
بەڕێز (ژوو ڕوی) بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی شیوعی چین، بە سەردانێکی چەند ڕۆژە گەیشتە هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری میللیی چین.
لە چەند ڕۆژی داھاتوودا شاندی میوان چاویان بە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێت و، گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و چین دەکەن و هەروەها باس لە پەیوەندی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی چین دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل و وڵات بکەن.




