بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە: بڕیاری بەقەزابوونی قوشتەپە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە

قوشتەپە -KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بۆ بەقەزابوونی قوشتەپە، ئێستا چاوەڕێی دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانین و فەرمانگەکانی قوشتەپەش دەبنە بەڕێوەبەرایەتی."
عەبدولستار گەردی، بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بۆ قەزابوونی قوشتەپە ئێستا بڕیارەکە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕێی دەرچوونی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانین، چونکە قەزای دەشتی ھەولێریش نەماوە بووەتە قەزای بنەسڵاوە و دواتر ناحیەکان لە نێوان ھەردوو قەزای بنەسڵاوە و قوشتەپەدا دابەش دەکرێن."
بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لەگەڵ گەڕانەوەی بڕیاری بەقەزابوونی قوشتەپە فەرمانگەکانی قەزاکە دەکرێنە بەڕێوەبەرایەتی و سنووری قەزا دیاری دەکرێت، ئەویش لە چوارچێوەی پرۆسەی دەرکردنی بڕیاری بەقەزابوونی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێرەوە."
عەبدولستار گەردی ڕوونی کردەوە: "زیاتر لە پەنجا ساڵە قوشتەپە بووەتە ناحیە و ئێستا سنووری ناحیەکە لە 57 گوند پێک ھاتووە، بەڵام لەمەودوا بودجەی قەزای بۆ خەرج دەکرێت و کاریگەریی لەسەر پڕۆژەکانی خزمەتگوزارییش دەبێت، جگە لەوەش، ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان دەکرێت و بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان ناگەڕێنەوە بۆ ھیچ قەزایەک و ھەر لە قوشتەپە مامەڵەکانیان رایی دەکرێت."
قائید میرۆ




