یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی هەرێم: پەیوەندیی ئابووریی هەرێم و ئەمەریکا زۆر باشە

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پەیوەندیی ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا زۆر باشە و پرۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتنمان هەیە و چەندین کۆمپانیای ئەمەریکا لە بواری جیاجیا کار دەکەن.
ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی ئەمەریکایان کردووە و لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کۆ بووینەوە و دیارە لەوێ باس لەوە کراوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئێمە تێیدا بەشدار نەبووین، ئێمە وەکو یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان پرۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمەریکا هەیە لە ساڵی 2019ـوە، بۆیە پێشتر دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و ئێمەش جارێک سەردانمان کردوون و پەیوەندیی ئابووریمان لەگەڵ ئەمەریکا زۆر باشە.''
ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: ''ئەمەریکا کۆمپانیای لە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا هەیە، لەوانە نەوت و دوو جاریش کونسوڵی ئەمەریکا ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کار دەکەن لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان دیداری بۆ ساز کردوون.''
محەمەد باسی لەوەش کرد: ''ئەوان لە پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامن و پێشتریش سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە و هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە نێوان هەردوولا بەردەوامە.''
بڵند ئیبراهیم




