ھەرێمی کوردستان زیاد لە خواستی ناوخۆ مریشک و ھێلکە بەرھەم دێنێت

هەولێر -KDP.info- بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئێستا ھەرێمی کوردستان زیاتر لە خواستی ناوخۆ مریشک و ھێلکە بەرھەم دێنێت و دەشڵێ، پێداچوونەوە دەکەین بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ھێلکە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.
د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا ھەرێمی کوردستان خواستی خۆی لە مریشک و ھێلکە پڕ کردووەتەوە و بگرە زیاتر لە بازاڕی ناوخۆ بەرھەمی ھەیە، بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵ ڕێگا نادات بەرھەمی مریشکی کوردستان بچێتە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ھەرچەندە بڕیاری ھاوردەکردنی مریشکی ڕاگرتووە، بەڵام تەنیا بڕیاری داوە بەرھەمی ھێلکە بچێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئێمە ئێستا پێداچوونەوە دەکەین بۆ ھەناردەکردنی ھێلکە، چونکە نامانەوێ بە ھەناردەکردنی ھێلکەی ھەرێم کاریگەریی لەسەر نرخ و بازاڕی ناوخۆ ھەبێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان گوتیشی: "داوامان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە ئەو شوێنانەی خواردن دروست دەکەن بەرھەمی مریشکی ناوخۆ بەکار بێنن و بڕیارە لە مانگی داھاتوو گرێبەستی خواردن نوێ بکرێنەوە و لە کاتی نوێکردنەوە مەرجە بەرھەمی ناوخۆ بەکار بێنن نەک بیانی.''
د. زێدا محەمەد ڕوونی کردەوە: "یەکێک لە پلانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتبەستنە بە بەرھەمی ناوخۆ لە کابینەی نۆ یەکێک لەو کەرتانەی خراوەتە دەستپێکی پلانەکەوە گرینگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ لە ھەموو بوارەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، ئێستا لە ڕووی دابینکردنی مریشک و ھێلکەوە گەیشتووینەتە ئاستێک بتوانین خواستی بازاڕ پڕ بکەینەوە و ڕەوانەی دەرەی ھەرێمیش بکرێت.''
قائید میرۆ




