٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری دھۆک: ڕێگە نادەین بە ناوی کەس و لایەنە سیاسییەکان ھاوکاری کۆ بکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- پارێزگاری دھۆک سەردانی شوێنی کۆکردنەوەی ھاوکارییەکان بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە کۆکردنەوەی ھاوکارییەکان لە ڕێگەی لایەنی پەیوەندار بێت و ڕێگە نادرێت بە ناوی ھیچ کەس و لایەنێک ھاوکاری کۆ بکرێتەوە.

لەم بارەیەوە، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک لە پرێنس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاری بۆ خەڵکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و لە ھەموو پارێزگاکانی پارێزگار سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات و ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان ڕاسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی کۆکردنەوەی ھاوکاری، لەبەر ئەوەیش ڕێگە نادرێت بە ناوی ھیچ کەس و لایەنێکەوە ھاوکاری لە دھۆک کۆ بکرێتەوە، چونکە ئەمە بابەتێکی ئایینی و مرۆڤی و نەتەوەییە و جەرگمان بۆ خۆشک و برایانمان دەسووتێت و کاتی موزایەدەی سیاسی نییە.

پارێزگاری دھۆک دەڵێت: "ئەمڕۆ بەھۆی بوومەلەرزەوە خەڵکێکی زۆر لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان پێویستیان بە ھاوکاریی ئێمەیە، بۆچی بە ناوی فلان کەس و فلانە حزب ھاوکاری کۆ بکرێتەوە، لە کاتێکدا مزگەوت و شوێنە گشتییەکان تەرخان کراون بۆ گەیاندنی ھاوکاری.''

د. عەلی تەتەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "نابێت بابەتی مرۆڤی تێکەل بە سیاسەت بکرێت و پێویستە ھاوکارییەکان بە ناوی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە بگەیەندرێتە خەڵکی زەرەرمەند، تەنانەت بۆ حزبی خۆم، وەک پارتییش، لەگەڵ ئەوەدا نین پەرتوبڵاوی ھەبێت لە کۆکردنەوەی ھاوکارییەکان، مزگەوت ماڵی ھەموومانە و ھەر ھاوکارییەکیش دەگەندرێتە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت بە ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیا و سووریا، ئەوانەیشی بۆ مەرامی شەخسی و سیاسی پەنا بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری دەبەن سزا دەدرێن.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار