٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی بوومەلەرزە ئاھەنگەکانی ١٨ی شوبات ھەڵوەشێندرانەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بڕیار بوو ئەمساڵ بە بۆنەی ١٨ی شوبات، یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، ژمارەیەک ئاھەنگ بەڕێوە بچن، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستانیش دەڵێ، وەک ڕێزگرتن لە گیانی قوتابییانی بوومەلەرزە بڕیار درا ھیچ ئاھەنگێک بەڕێوە نەچێت.

نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیار بوو ئەمساڵ ژمارەیەک ئاھەنگ بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابویان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ساز بکرێن، بەڵام بەھۆی ئەو کارەساتە سروشتییەی لە ناوچەکە ڕووی دا و وەک ڕێزگرتن لە قوربانییانی بوومەلەرزەکە بڕیارەکە ھەڵوەشایەوە و ھیچ ئاھەنگێک بە بۆنەی ١٨ی شوبات لەلایەن ڕێکخراوەکانی ئێمەوە بەڕێوە ناچێت.''

سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان دەشڵێت: "ئەمساڵ یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام پلانەکەمان ھەڵوەشاندووەتەوە.''

نێچیرڤان کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەرسێ ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و ئافرەتان و لاوان کەمپینی کۆکردنەوەی ھاوکارییان بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕێک خستووە و بۆ ماوەی یەک حەفتە لە ڕێگەی حەوت لیژنەوە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری و کۆمەک کۆ دەکرێتەوە و ڕەوانەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار