ئەنەکەسە بۆ KDP: هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان گوتی، هەرێمی کوردستان هەمیشە هەڵوێستێکی ئەرێنیی لە بەرامبەر خەڵکی رۆژئاوای کوردستاندا هەبووە و گەیاندنی ئەو هاوکاریانەش یەکەم جار نییە و کۆتا جاریش نابێت، بۆیە ئێمە سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
نەواف حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان، یەکەم جار نییە و دوایین جاریش نابێت، چونکە 300 هەزار کەس لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە بە هۆی ئاوارەبوون و چەندین جاریش بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، حکوومەتی هەرێم هاوکاریی رۆژئاوای کوردستانی کردووە، بۆیە ئەوە جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە، چونکە حکوومەتی هەرێم و (سەرۆک بارزانی)ـیش هەمیشە هەڵوێستیان بەرامبەر بە خەڵکی ئێمە ئەرێنی بووە و سوپاسیان دەکەین و خەڵکی ئێمەش بەو هاوکاریانە زۆر دڵخۆشن".
حەسەن گوتیشی: "یەکەم وەجبەی هاوکاریی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و خەڵکی ئێمەش پێشوازییەکی گەرمیان لێ کردوون و چاوەڕێ دەکرێت وەجبەی دیکەی هاوکاری رەوانەی رۆژئاوای کوردستان بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەرچی لە دەستیان بێت هاوکار بن، لەبەر ئەوەی پێویستیان بە هاوکاری هەیە".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، جگە لە هەزاران بریندار، تا ئێستا بەپێی دوایین ئامار شەش هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان بە هۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لە دەست داوە.
دەشڵێ، گەیاندنی هاوکاری بۆ رۆژائاوای کوردستان زەحمەتە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا توانی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستانیش رەوانە بکات.
بڵند ئیبراهیم




