پ.ی. د. عومه‌ر نوورەدینی: پێویسته دادگای فیدراڵی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ویستی سه‌رجه‌م هه‌رێم و پێكهاته‌كانی عێراق بێت

ئه‌ورووپا -KDP.info- لە درێژەی وێبیناری هەفتانەی لقی 6ی ئه‌ورووپای پارتی دیموكراتی كوردستاندا پ. ی. دكتۆر عومه‌ر نوورەدینی، ئه‌ندامی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و مامۆستای زانكۆ بابەتێکی بە ناونیشانی "دادگای فیدراڵی باڵای عێراق له ڕوانگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه" پێشکەش بە کادیرانی پارتیمان کرد لە دەرەوەی وڵات.
د. عومه‌ر نووره‌دینی ئاماژه‌ی به‌وه دا كه دادگای فیدراڵیی عێراق كێشه و ئیشكالیه‌تی ده‌ستووریی هه‌یه، لەبەر ئەوەی دادگای ئێستا به‌پێی یاسای ژماره 30 له ساڵی 2005 دامه‌زراوه بە پشتبەستن بە یاسای ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی كاتی كه لە ساڵی 2004 دەرچووە. دوابەدوای نووسینەوەی دەستوری هەمیشەییی وڵات و بەپێی ماددەی 92ی ئەو دەستوورە پێویستە ئه‌م دادگایه هەڵبوەشێتەوە و بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران یاسایەکی تازە بۆ دادگای نوێی باڵای فیدراڵی دەربچێت و پێک بێت لە شارەزایانی بواره‌كانی فیقهی یاسایی، دادوه‌رەکان و شاره‌زایانی بواری فیقهی ئیسلامی.
د. عومه‌ر نوورەدینی له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌و یاسایانه‌ی پێش نووسینەوەی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی ده‌رچووبن ئه‌گه‌ر به‌ركار نه‌كرێنه‌وه، ئه‌وه بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێن. هاوکات جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە خودی پێكهاته‌ی دادگاکە ڕاسته‌وخۆ دژی مادده‌ی 92ی ده‌ستووری عێراقه و هه‌ر بڕیارێكیش بدات مه‌شروعیه‌تی ده‌ستووریی نییه.
له به‌شێكی تری گوته‌كانیدا د. نوورەدینی ئاماژه‌ی به ڕێكکه‌وتنی سیاسیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان كرد بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی محەمەد شیاع سوودانی و گوتی: پێویستە هەموو لایەنەکان پابەند بن بەو ڕێککەوتنە سیاسییە کە خاڵێکی بریتییه له دووباره دروستکردنەوە دادگای فیدراڵی له ماوه‌ی 6 مانگدا دوای پێکهێنانی کابینەی حکوومەت.
گوتیشی: پێویستە كورد پێداگری له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی ئەو ڕێكکه‌وتنه‌كه و چۆنیەتیی نووسینەوەی ئەو یاسایە بکاتەوە و پێویستە نوێنەری هەرێمەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقی تێدا بێت و بڕیارەکان پێویستە بە کۆی دەنگ و ئامادەبوونی هەمووان بدرێت و سیستەمی دانانی یەدەگ قبووڵ نەکرێت. هه‌روه‌ها به پێویستی زانی كه ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێم، هەرسێ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و جێگرەکانیان ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکان لەو دادگایە و ئەو بابەتە نەخرێتە قاڵبی زۆرینە و کەمینە لە پەرلەمان، ئەگەرنا بەبێ بوونی نوێنەرانی هەرێم و پێکهاتەکان، یاساکە تێ دەپەڕێندرێت.
د. عومەر نوورەدینی هەروەها پێشنیاری ئەوەی کرد کە هەرێمی کوردستان ڕه‌شنووسێک بۆ یاسای ئەو دادگایە ئاماده بكات كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌رێم و پێكهاته‌كانی تێدا بێت و تێیدا مافی کورد لە دەستنیشانکردنی ئه‌ندامانی دادگاکە بەڕوونی دەرکەوێت بۆ ئەوەی بکرێتە بەشێك لە یاسای تازەی دادگاکە.
سه‌لاح جه‌لال




