د. وەعدی مزووری: یاسایەکی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی ئامادە دەکرێت

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکارێکی یاساییی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی ئامادە بکات و دەڵێ، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لایەنگرییان پێوە دیارە و یاساناسەکانی عێراقیش ڕەخنەیان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ھەیە.
د. وەعدی مزووری، ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دادگای فیدراڵی بە شێوەیەکی نادەستووری دامەزراوە، چونکە بە فەرمانی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و بڕیار بوو دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق یاسایەکی تایبەت بۆ دادگای فیدراڵی دەربچێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ یاسایەک لەبارەی دادگای فیدراڵییەوە لە عێراق دەرنەچووە، بەپێی مادەی ٩٢ی دەستوور پێویستە بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران یاساکە پەسەند بکرێت، ھەتا ساڵی ٢٠٢٢ پەیڕەوێکی بۆخۆی پەسەند کردووە بە پێچەوانەی یاسا و دەستوور.''
ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "ڕاستە بەپێی دەستوور بڕیاری دادگا تانەی لێ نادرێت و بۆ جێبەجێکردنە، بەڵام لە ڕووی واقعییەوە جیاوازە و ھەتا ئێستا زۆربەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە جێبەجێ ناکرێن، بۆ نموونە، ھەر دادگای فیدراڵی بڕیارێکی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەرکردبوو تا ئێستاش حکوومەت پابەند نییە بە جێبەجێکردنی.''
د. وەعدی مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زۆر جار دادگای فیدراڵی بووەتە سەرچاوەی کێشە و قەیران لە عێراق و ھەتا یاساناسەکانی عێراقیش ڕەخنەیان لە دادگای فیدراڵی ھەیە و لایەنگریی پێوە دیارە، لەبەر ئەوەیش گومان پەیدا بووە لەسەر دەرکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی حکوومەتی سوودانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکە بۆ دادگای فیدراڵی.''
قائید میرۆ




