٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان سەبری بۆ KDP: ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌ریان لەسەر نه‌ناردنی بودجە هه‌بووه‌ ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە و پڕۆژەیاسای نەوت و غازدا، پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی سیاسی بکەن. دەشڵێ، بڕیار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەدا بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک دواکەوت.

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق زۆر کێشەی هەیە بە هۆی کورتهێنان و قەرزەوە، بۆیە دەیانەوێت کورتهێنان و قەرزی گشتی کەم بکەنەوە، هەروەها نرخی دۆلاریش کەم بکەنەوە و نرخی نەوتیش جێگیر بکرێت، ئەمانە کاریگەرییان هەبووە لەسەر رەوانەکردنی بودجە بۆ پەرلەمان، بۆیە پێویستە گفتوگۆش لەگەڵ هەموو وەزارەتەکان و هەرێمی کوردستانیش بکرێت و بگەنە رێککەوتن.

سەبری گوتیشی، پێویست بوو لە سەرەتای مانگی دوودا بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام تا ئێستا رەوانە نەکراوە، بۆیە گرنگە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق رەوانەی پەرلەمان بکرێ و پەلەی لێ بکرێت.

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانیش، ناوبراو گوتی، بەپێی رێککەوتنی سیاسی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێگیر دەکرێت، بۆیە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە، هەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە و هەم بۆ یاسای نەوت و غازیش.

 

بڵند ئیبراهیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار