عەلی عەونی وەکوو بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دهۆک دەستبەکار بوو
__2023_02_08_h19m25s34__HK.jpg)
دهۆک -KDP.info- ئەمڕۆ لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لقەکان، عەلی عەونی لە شوێنی سەربەست تروانشی وەکوو بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستبەکار بوو.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک سەباح بەیتوڵڵا و حەمید عەلی و پارێزگاری دهۆک، دکتۆر عەلی تەتەر، ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک ئەنجام درا و تێیدا عەلی عەونی لە شوێنی سەربەست تروانشی وەکوو بەرپرسی لقی یەکی پارتی دەستبەکار بوو.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبووان پیرۆزباییی خۆیان لە عەلی عەونی، بەرپرسی نوێی لقی یەکی پارتی لە دهۆک کرد و هیوای سەرکەوتنیان لە ئەرکی نوێ بۆ خواست.
جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک، سەباح بەیتوڵڵا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ''دوای کۆنگرەی پارتی بڕیار درا گۆڕانکاری لە بەرپرسی لقەکان بکرێت و گۆڕانکارییەکان دەستی پێ کردووە و بەم دواییانەی لە دهۆک مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دروست کرا کە نەبوو و چەندین گۆڕانکاری لە سنووری دهۆک لە لقەکان کرا و تا ئێستا لە لقی 18 و 8 و20 و 9 و ئەمڕۆ لە لقی یەک لە دهۆک ئاڵوگۆڕی بەرپرسی لق کرا کە عەلی عەونی بووە بەرپرسی لقی یەکی دهۆک و بێگومان لەناو پارتی ئەمە کارێکی سروشتییە کە ئاڵوگۆر بەردەوام دەبێت و هیوادارین ببنە پاڵپشت و پاڵدەری زیاتر بۆ ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری بادینان.''
بەیتوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: ''دەڤەری بادینان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و خاوەن هەزاران شەهید و قارەمانە، بۆیە وەکوو بڕبڕەی پشتی پارتی هەژمار دەکرێت، بۆیە لە کۆنگرەش بڕیار درا زیاتر گرنگی بە دەڤەری بادینان بدرێت کە تایبەتمەندیی خۆی هەیە بۆ پارتی، بۆیە مەکتەبی ڕێکخستنی بۆ کراوەتەوە و دەبینە پردێکی هەماهەنگی لە نێوان هەموو لقەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ڕێکخستنی پارتی بەهێزتر ببن.''
بڵند ئیبراهیم




