سۆران خه‌له‌ف: له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی تیمی تایبه‌تی و هاوكارییه مرۆییه‌كانمان گه‌یاندووەته ناوچه بوومه‌له‌رزه‌لێدراوه‌كان
__2023_02_08_h19m24s14__HK.jpg)
هه‌ولێر -KDP.info- ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی سیاسه‌تی وایه كه بۆ یارمه‌تییه مرۆییه‌كان سنوور ناناسێ و جیاوازی ناكات له نێوان زمان و نه‌ته‌وه و ئایینه‌كان و له كوێ مرۆڤه‌كان پێویستیان به هاوكاری بێت، یارمه‌تییان ده‌دات و تیمی هاوكارییان ناردووه بۆ توركیا و باكووری كوردستان و تیمی دیكه‌ی هاوكارییه مرۆییه‌كانمان ئاماده‌ن بچنه ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوان.
سۆران خه‌له‌ف، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان و ڕاگه‌یاندنی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: ''سه‌باره‌ت به هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژی ڕوودانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی كه له سووریا و توركیا ڕووی دا، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و به ته‌نسیق له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه هه‌ر زوو سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێزدار مه‌سرور بارزانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوخۆی ڕاسپارد بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوان و زیانلێكه‌وتووانی زه‌ومینله‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان و هه‌ر یه‌كه‌م ڕۆژی كاره‌ساته‌كه ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا بڕیاری دا به‌په‌له تیمه‌كانی بگه‌یه‌نێته ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كان.
سۆران خه‌له‌ف گوتیشی: تیمه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كه تایبه‌تمه‌ندن به حاڵه‌ته كتوپڕه‌كان و پێكهاتوو له تیمه‌كانی ته‌ندروستیی خێرا و تیمی فریاگوزاری به هاوبه‌شی و هاوكاریی تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌ر زوو بۆ به‌هاناوه‌چوون خۆیان گه‌یانده باكووری كوردستان و توركیا، كه پێك هاتووه له دوو تیم، تیمێكیان بۆ فریاگوزاریی ته‌ندروستی سه‌ره‌تاییه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ركه‌وته‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ن و بریندار بوون، هه‌روه‌ها تیمه‌كه‌ی تر بۆ دابه‌شكردنی خۆراك و هۆكاره‌كانی گه‌رمكردنه‌وه‌یه له جلوبه‌رگ و به‌تانییه‌وه و زۆر كه‌ره‌سته‌ی تر بۆ دابه‌شكردنی به‌سه‌ر لێقه‌وماواندا و دوو ڕۆژه ئه‌م هاوكارییانه بێپسانه‌وه دابه‌ش ده‌كرێن، خه‌ڵكه‌كه دۆخیان زۆر خراپه و پێویستیی خێرایان به هاوكارییه له‌و ناوچانه و پلانی ده‌زگای خێراخوازیی بارزانی ئه‌وه‌یه كه له‌وێ ده‌مێنێته‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك به ته‌نسیق له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ئافادی توركی كه ڕێكخراوی سه‌رپه‌ر‌شتیكردنی قه‌یرانه‌كانی توركیایه و هه‌روه‌ها به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ خاچی سووری توركی پێكه‌وه له‌سه‌ر خه‌تن بۆ هاوكاری و فریاگوزارییه‌كان.
ناوبراو گوتیشی، كاره‌كانی ئێمه بۆ هاوكاری و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك له‌سه‌ر ڕاسپارده و ڕێنماییه‌كانی بارزانیی نه‌مره كه ده‌فه‌رموێ: "شانازییه بۆ مرۆڤ خزمه‌تكاری میلله‌تی خۆی بێت" و هاوكاریی ده‌زگاكه سنووره‌كان ده‌به‌زێنێ و بێسنووره بۆ گه‌یاندنی په‌یامی خێرخوازی و مرۆڤانه‌ی خۆی، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌زگای خێراخوازیی بارزانی چاوەڕێی ئه‌وه نییه له شوێنێكی بوومه‌له‌رزه‌كه فۆكسی كامێرا هه‌بێت، تاوه‌كوو بچێت بۆ هاوكاری و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌زگای خێراخوازیی بارزانی بۆ سووریا و ڕۆژئاوای كوردستانیش هه‌وڵی جددیی خۆی بۆ هاوكاری و فریاكه‌وتنی لێقه‌وماوان ده‌دات و هاوكارییه‌كانی ئاماده كردووه بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا، جێگای خۆشحاڵییه كه سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌ند و خواپێداوه‌كان هاوكارمانن له‌م بواره‌دا و جێگای ده‌ستخۆشییه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر هاوكاریی خه‌ڵكی بێماڵوحاڵ و بێجلوبه‌رگ و خۆراك بكه‌ین، فه‌سڵێكی زۆر سه‌خته و سه‌رما و سه‌غڵه‌تییه، بۆیه هاوكاریی كۆمپانیاكان به ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ڕاده‌ستكردنی هاوكارییه‌كان به ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی حه‌تمه‌ن ده‌گاته شوێنی مه‌به‌ست، چونكه ده‌زگای خێراخوازیی بارزانی ئه‌و شوێنه ئه‌مینه‌یه كه به ئه‌مانه‌ته‌وه ڕاسپارده و هاوكارییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت و به‌هۆی ئه‌و ئه‌زموونه زۆره‌وه‌ی كه له كاری خێرخوازیدا هه‌یه‌تی به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه و یه‌كسان به‌سه‌ر لێقه‌وماواندا دابه‌شی ده‌كات و پێشتریش هاوكاریی ته‌ندروستی و مرۆیی زۆری ئاواره‌كانی كردووه له ناوچه جیاجیاكان و هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه داوای هاوكاری له هه‌موو سه‌رمایه‌دار و خێرۆمه‌ندان ده‌كه‌ین كه ده‌یانه‌وێت هاوكار بن یا هاوكاریی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بكه‌ن بۆ گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی و په‌یامی مرۆڤدۆستانه به لێقه‌وماوان.''
سه‌لاح جه‌لال




