هاوكاریی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و حكوومه‌تی هه‌رێم له ئاستی توركیا ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بووه

هەولێر -KDP.info- له 24 كاتژمێری یه‌كه‌می ڕووداوی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیادا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیی نه‌مر و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م لایه‌ن بوون كه ڕه‌زامه‌ندییان له حكوومه‌تی توركیاوه وه‌رگرت و توانییان خۆیان بگه‌یه‌ننه توركیا و له یه‌كه‌م هه‌نگاودا به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی نیمچه‌فه‌رمیی حكوومی توركیا (ئافات) ده‌ست بكه‌ن به دابینكردنی خواردنی خێرا بۆ لێقه‌وماوان و ده‌رهێنانی ته‌رم له‌ناو باڵه‌خانكان، ئه‌م هه‌نگاوه له توركیا كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێ کەوتەوە و ده‌ستخۆشیی زۆری لێ كرا.
به‌ره‌به‌یانیی ڕۆژی دووشه‌ممه، 6ی شوبات/فێبرایه‌ریی 2023، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی ٧.٨ پله به پێوه‌ری ڕێخته‌ر، پارێزگاكانی دیاربه‌كر، مه‌ره‌ش، ئادیامان (سه‌مسوور)، دیلۆك، ڕوحا، مه‌له‌تیا و كێلیس له باكووری كوردستان و پارێزگاكانی هاتای، ئەدەنه، ئوسمانییه و ئه‌سكه‌ندەروونی له توركیا هه‌ژاند، چه‌قی بوومه‌له‌رزه‌كه پارێزگای مه‌ره‌شی باكووری كوردستان بوو، هه‌ربۆیه ژماره‌ی زۆرینه‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه له‌و پارێزگایه تۆمار كراون، هاوکات بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەر چەند پارێزگایەکی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر خانوو و باڵەخانەی داڕماند و لەوێش قوربانیی لێ کەوتەوە، دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزەیە چه‌ندین پاشله‌رزه‌ی دیكه‌ی به‌هێز به پله‌كانی ٥.٨ و ٦.٢ و ٦.٤ ڕوویان دا.
به‌پێی دواین ئامار له ڕووداوی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا تا ئه‌مڕۆ چوارشەممه 8ی 2ی 2023 ژماره‌ی قوربانیان گه‌یشته 11 هه‌زار و 200 كه‌س، هێشتا تیمه‌كانی فریاگوزاری سه‌رقاڵی ڕزگاركردنی ژیانی به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ن كه كه‌وتوونه‌ته ژێر داروپه‌ردووی بینا ڕووخاوه‌كان. به‌رپرسانی تیمه فریاگوزاری و پزیشكییه‌كان ڕایانگه‌یاند، له توركیا 8 هه‌زار و 574 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه و له سووریاش 2 هه‌زار و 662 كه‌س به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه گیانیان سپاردووه. به‌م ئه‌نجامه‌ش، ژماره‌ی قوربانیان گه‌یشتووه‌ته 11 هه‌زار و 236 كه‌س.
له ئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ساته‌دا یه‌كه‌م لایه‌ن كه ئاماده‌ییی ده‌ربڕی بۆ هاوكاریكردنی لێقه‌وماوان و زیانلێكه‌وتووان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیی نه‌مر بوو كه دوای وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی له حكوومه‌تی توركیا له ڕێگای کونسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه له هه‌ولێر توانرا له 24 كاتژمێری یه‌كه‌م ده‌ربازی ناو توركیا بن و دوای دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی (ئافات) توانرا تیمه‌كان دابه‌شی سه‌ر شاره‌كان بكرێن، به‌هاناوه‌چوونی حكوومه‌تی هه‌رێم و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری له شه‌قامی توركیا لێ کەوتەوە، به جۆرێك کە ده‌ستخۆشی و ستایشی ئه‌و هه‌نگاوه كرا، هه‌ر ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌کەیدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا، کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە ڕابگەیەنێت و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران، بۆ ئەم مەبەستە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر.
به‌ختیار خالید سه‌عید، یه‌كێك له ئه‌ندامانی تیمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له شاری ئیسلاحی توركیا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''دوای گەیشتنی یه‌كه‌م كاروانی هاوكاریی تیمی فریاگوزاری بۆ توركیا ده‌ستمان به كاره‌كانی خۆمان كرد، به‌داخه‌وه وێرانییه‌كی زۆر به ناوچه‌كه‌وه دیاره، سه‌رجه‌م باڵه‌خانە و شه‌قامه‌كان تێك چوون و ڕووخاون و هاتوچوو زۆر ئاسته‌م بووه. به‌رده‌وام تیمه‌كانمان خه‌ریكی ده‌رهێنانی قوربانیان له‌ژێر بینا ڕووخاوه‌كان هه‌رچی له توانماندا بووە كردوومانه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریی زیانلێكه‌وتووان بكه‌ین، به‌شێك له تیمه‌كان چوونه‌ته ناو باڵه‌خانه‌كانه‌وه هاوار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كه‌س به زیندوویی ماوه، به‌شێكی دیكه‌یان له ڕێگای ئامێری هه‌ڵكۆڵین و ڕووخانی دیواره‌كانه‌وه خه‌ریكن، به‌شێكی دیكه‌ش له تیمه‌كان تایبه‌تن به پێدانی خواردن به لێقه‌وماوان و دابەشکردنی پێداوستیی پزیشكی به‌سه‌ریاندا، به‌ده‌مه‌وەچوون بۆ قوربانیان به شێوه‌یه‌كی خێرایه له هه‌ر شوێنێك توانیبێتمان ده‌ستی هاوكاریمان گه‌یاندووەتە لێقەوماوان.''
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: ''ئه‌م هه‌نگاوه زۆر مرۆڤدۆستانه و بە گیانێكی برایانه و ئه‌ركێكی مرۆڤدۆستانه‌یه دوای ڕاگه‌یاندنی تیمی حكوومه‌ت بۆ زیانلێكه‌وتووان وڵاتی دیكه و ڕێكخراوی دیكه‌ش كه‌وتوونه خۆ و هاوكاری ده‌گه‌یه‌نن به زیانلێكه‌وتووان، ئه‌م هه‌نگاوه ده‌ستخۆشیی ڕای گشتیی لێ کەوتەوە.''
به‌پێی زانیاریی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا ئێستا 300 كه‌س له كوردستانه‌وه به مه‌به‌ستی هاوكاریی قوربانیان گه‌یشتوونه‌ته توركیا و ئه‌مڕۆ 5 بارهه‌ڵگری گه‌وره‌ی ئاو و خواردنی خێرا گه‌یه‌نراوه‌ته توركیا.
هەر لەم بارەیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هاوكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیی نه‌مر بۆ زیانلێكه‌وتووانی قوربانییه‌كانی توركیا و سووریا گرنگن و یه‌كه‌م لایه‌ن بوون كه داخلی ناو توركیا بوون و هاوكاریی خۆیان گه‌یاند، ئێمه هه‌میشه له خزمه‌تی خه‌ڵك و هاونیشتمانی و ده‌ر و دراوسێی خۆمانین، به‌تایبه‌ت له ڕوودانی كاره‌ساتی سروشتی و پێداویستیی مرۆڤایه‌تی وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕووی داوه و له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌نگاوی هه‌ڵمه‌ته‌كه وه‌ك پارێزگای هه‌ولێر هه‌موو كارئاسانییه‌كمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستیی ته‌ندروستی و خۆراك و تیمی تایبه‌ت بۆ ده‌رهێنانی ته‌رمه‌كان بچنه ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و ئاودیوی توركیا بن، زۆر خه‌ڵكی شاره‌زار و تیمی پسپۆڕ و دكتۆری تایبه‌ت له‌گه‌ڵ تیمه‌كان بوون بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ هاوكاریی خه‌ڵك بكه‌ن، خۆشبه‌ختانه به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی هاتوونه‌ته‌وه، تیمه‌كان كارێكی زۆر باشیان كردووه و به شێوه‌یه‌كی خێرا به هانای لێقه‌وماوانه‌وه چوون.''
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: ''ئه‌مڕۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگای خۆیه‌وه هه‌ڵمه‌تی كه‌مپەینی هاوكاریی ڕاگه‌یاندووه كه پارێزگاكان سه‌رپشك كراون به كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌كانه، ئه‌وه هه‌رچی له توانا‌مان بێت له سنووری پارێزگای هه‌ولێر ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ین گه‌وره‌ترین كۆمه‌ك كۆ بكه‌ینه‌وه.''




