گرنگییەکی زۆر بە کەرتی پیشەسازی دەدرێت

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر گوتی، لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی پیشەسازی 40%ی پڕۆژەکانی ئێمە لە ساڵی ڕابردوو لە بواری پیشەسازیدا بوون و ئەمساڵ ئومێد دەکەین زیاتر بێت، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بەکەرتی پیشەسازی دەدات.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر، سامان عارەب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ساڵی ڕابردوو 42 مۆڵەتی وەبەرهێنانمان داوە بە سەرمایەی یەک ملیار دۆلار و ئەمساڵ دوو مۆڵەتمان داوە کە یەکێک لەوانە پیشەسازییە و داواکارییەکی زۆیش هەیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی پەسەندکردن لە مانگی یەک 25 پڕۆژەمان پەسەند کردووە.''
سامان عارەب گوتیشی: ''بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پڕۆژەکانمان زیاتر بوون و داواکاری زۆر بووە و40%ی پڕۆژەکان لە کەرتی پیشەسازی بوون و ئەوەش زیاتر لەسەر کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پشتگیری لە کەرتی پیشەسازی دەکەن و لە ئەولەویەتی کارەکانی ئێمە بووە بۆ ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ ئومێد دەکەین ژمارەکە زیاتر بێت هەم لە پڕۆژە و هەم لە هەلی کاریش و پێدانی ئیمتیازاتی زیاتر بۆ وەبەرهێنەر کە لە سنووری هەولێر تا ئێستا سەرووی 30 هەزار هەلی کار ڕەخساوە.''
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەجۆرکردنی داهاتەکان گرنگیی زۆر بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو کەرتانە بووژانەوەی زۆریان بە خۆوە بینیوە و ژمارەیەکی زۆری پرۆژەش لەو بوارە جێبەجێ کراون.
بڵند ئیبراهیم




