"دەستەی وەبەرھێنان، ٢٥٠ پڕۆژە رادەگەیەنێت"

هەولێر -KDP.info- بڕیارە لە چەند ڕۆژی دابێ دەستەی گشتیی وەبەرھێنان پلانی ئەمساڵ ڕابگەیەنێت و بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەکە ئاشکرای کرد، بەپێی پلانی وەبەرھێنان بۆ ئەمساڵ ٢٥٠ پڕۆژەی نوێ ئامادە کراون و دەخرێنە بەردەم وەبەرھێنان بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.
د. ھەڤال سدیق، بەڕێوەبەری مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستەی وەبەرھێنان پلانی ئەمساڵی ئامادە کردووە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕایبگەیەنێت، لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەو پڕۆژانەی پێویستن و پێیان دەگوترێت پڕۆژەی زێڕین کۆ کراونەتەوە کە ژمارەیان ٢٥٠ پڕۆژەیە و دەخرێنە ڕوو بۆ ئەوەی وەبەرھێنەران داواکاری پێشکەش بکەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئەمساڵی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان.''
بەڕێوەبەری مۆڵەتدان گوتی: "ئەمساڵ وەبەرھێنان زیاتر گرنگی بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەدات، ئاسانکاریی زۆریش بۆ وەبەرھێنەران دەکرێت لە کاتی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە فەرمانگەکانی وەبەرھێنان تا زووتر مۆڵەتی پڕۆژە بەدەست بێنن.''
د. ھەڤاڵ سدیق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تەنیا لە مانگی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ ژمارەیەک مۆڵەت دراون لە دەستەی وەبەرھێنان و تایبەتمەندیی ھەموو ناوچەکانیش بەرچاو گیراوە، بۆ نموونە لە شوێنێک دەرفەت بۆ کەرتی گەشتوگوزار زیاترە و زۆرترین پڕۆژەی گەشتیاری لەو سنوورە ئەنجام دەدرێت، ھەتا ئەو ناوچانەی لە ڕووی سروشتییەوە گونجاون بۆ وەبەرھێنان بەرچاو گیران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی وەبەرھێنان.''
قائید میرۆ




