٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گۆڕانکاری لە هەردوو لقی پارتی لە ئامێدی و زاخۆ کرا

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک گوتی، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕ کرا لە هەردوو بەرپرسی لقی 18ی پارتی لە ئامێدی و لقی 8ی پارتی لە زاخۆ، بەرەڤان حەمدی وەکوو بەرپرسی لقی 18ی ئامێدی و عومەر ئورەیی وەکوو بەرپرسی لقی 8ی زاخۆ دەستبەکار بوون و عەلی عەونیش وەکوو بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دهۆک دیاری کراوە.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، دکتۆر پشتیوان سادق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ''ئەمڕۆ گۆڕانکاری لە هەردوو بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ و ئامێدی کرا و کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لەو گۆڕانکارییە کرد دوای کۆنگرەی پارتی بڕیاری لەسەر درابوو، عومەر ئۆرەیی، بەرپرسی لقی 18ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی بووە بەرپرسی لقی 8ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ و بەرەڤان حەمدی بووە بەرپرسی لقی 18ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی و عەلی عەونی دەبێتە بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان.''

دکتۆر پشتیوان سادق گوتیشی: ''لەگەڵ هەڤاڵانمان باسمان لەوە کرد کە پێویستە بە گڕوتینێکی زۆرەوە ئیش و کارەکانی خۆیان دەست پێ بکەنەوە بۆ خزمەتکردنی ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.''

ئاماژەیشی دا: ''بۆ مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک دوو یاریدەدەر دیاری کراون، ئەوانیش سەباح بەیتوڵا و حەمید عەلی و بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنیش دیاری کراوە و تەنها هەندێک کەموکووڕی کەمی ماوە و ئێمەش لە ئیش و کارەکان و سەردانی لقەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و پلان و بەرنامە بەردەوام دەبین.''

گوتیشی: ئێمە دەست لە کاروباری حکوومەت وەرنادەین، بەڵام وەکوو مەکتەبی ڕێکخستن و لقەکان پشتگیریی حکومەت دەکەین و دەبینە پردێک بۆ گەیاندنی داخوازی خەڵک و ئێش و ئازارەکانی خەڵک و چارەسەرکردنیان و دڵخۆشم کە حکوومەتی هەرێم ئاوەدانیی زۆری لە زاخۆ کردووە و خزمەتی زۆر کراوە و هیوادارین لە ئایندە خزمەتی زیاتریش بکرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار