٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامان عارەب: یەکەکانی نیشتەجێبوون مەترسییان لەسەر نییە و بەپێی ستانداردی زانستی دروست کراون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاشکرای کرد، یەکەکانی نیشتەجێبوون و شوقە و تاوەرەکانی ھەولێر لەسەر بنەمای ستانداردی زانستی دروست کراون و دەشڵێت، ھەموو مەرجێکی سەلامەتییان تێدایە و پێویستە خاوەن پڕۆژەکان لە کاتی بوومەلەرزە ڕێنمایییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێ بکەن.

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەلایەن وەبەرھێنانەوە مۆڵەتیان پێ دراوە، بەپێی ئەو کۆدانەی لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و ئاوەدانکردنەوە و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێیان دراوە پشکنینی خۆڵیان بۆ کراوە و لەسەر بنەمای پێوەری زانستی شوقە و تەلار دروست کراون، بەتایبەتی ئەو تاوەرانەی بەرزن لەلایەن سەندیکای ئەندازیاران و لایەنی پەیوەندیدار سەرپەرشتییان کراوە.''

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر دەشڵێت: "ھەموو پڕۆژەکانی ھەولێر لەسەر بنەمای مەرجەکانی بەڵێندەرایەتیی عێراق دروست کراون، لەلایەن تاقیگەی بیناسازییەوە پشکنینیان بۆ کراوە و مەرجی پێویستیان تێدایە.''

لەبارەی چۆڵکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەلایەن ھاووڵاتیان لە کاتی بوومەلەرزەدا، سامان عارەب ڕوونی کردەوە: "چۆڵکردنی شوقە و تاوەرەکان لە کاتی بوومەلەرزەدا زیاتر ڕێکاری خۆپارێزییە کە دەیگرنە بەر، ئەمڕۆ لە فەرمانگەکانی حکوومەت و زۆر شوێن کاتی بوومەلەرزە بۆ خۆپارێزی خەڵک ھاتنە دەرەوە، ئەو ڕێنمایییانەی لە بەرگریی شارستانی و وەزارەتە پەیوەندارەکانەوە دراون، جێبەجێ کراون و، بەبێ ھەبوونی مەرجی سەلامەتی مۆڵەت بە ھیچ پڕۆژەیەک نادرێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار