٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ئەوقاف: پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخی جیهانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی دانایانی موسڵمان وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی ئیماراتی کرد، چونکە هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێکەوەژیانەوە جێگەی بایەخی  جیهانە.

نەبەز ئیسماعیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەنجومەنی دانایانی موسڵمان کە بارەگایان لە وڵاتی ئیماراتە و شێخی ئەزهەر و پاپای فاتیکان سەرپەرشتیی ئەو ئەنجومەنە دەکەن، دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی وڵاتی ئیمارات کرا و لەگەڵ شاندی یاوەری بەشدار بوون لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی شێخ زاید بۆ برایەتی و مرۆڤایەتی کە خەڵاتەکە ساڵانە پێشکەشی چەند کەسایەتییەکی  کاریگەر دەکرێت لەسەر ئاستی تاک و ڕێکخراوەکان و حکوومەت، کاریان لەسەر پێکەوەژیان و بەیەکگەیاندن و برەودان بە ئاشتی و تەبایی و کاری خێرخوازی کردووە.''

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''لەو سەردانە وەزیری ئەوقاف چاوی بە ژمارەیەک کەسایەتیی ئایینی و جیهانی کەوت کە کار دەکەن بۆ تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی، وەکوو نیهان بن موبارەک، وەزیری تەساموحی ئیماراتی و تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و باڵیۆزی عێراق لە ئیمارات و سەرۆکی ڕێکخراوی یونیتاد و چەندین کەسایەتیی ئایینیی جیهانی کە زۆر بە گرنگییەوە باس لە ڕەوشی ئایینی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کرا.

ئیسماعیل باسی لەوەش کرد: ''هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە ناوەندە ئایینییەکان و پێکەوەژیان لە ناوچەکە و بەشداریکردنی وەزیری ئەوقافیش دەرخەری ئەو گرنگییەیە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهاتەکان و ئایینەکان دەستەبەری کردووە، سەرەڕای پاراستنی مافەکانیان بەپێی بنەما یاسایییەکان.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار