٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرانى سیاسى: پارتى و سەرۆک بارزانى بۆ پێدانى شەرعیەتى گەل و دیموکراسى هەمیشە ئامادەى هەڵبژاردنن

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- چاودێرانى سیاسى دەڵێن، بۆ ئەوەى پێگەى کوردستان لەسەر ئاستى ناوەندە ئیقلیمى و نێودەوڵەتییەکان بە بەهێزى بمێنێتەوە، پێویستە هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا بەڕێوە بچێت، سەرۆک بارزانى و پارتى هەمیشە ویستوویانە شەرعیەتى گەل و دیموکراسى ببەخشرێت بە دەسەڵاتى حوکمڕانى، بۆیە پێداگرن لەوەى هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا بەڕێوە بچێت.

د. نەدا مێرگەسوورى، شرۆڤەکارى سیاسى، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "گومانی تێدا نییە كە هەڵبژاردن وەك ئامرازێكی دیموكراسی بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات و وەك ئامرازێكیش بۆ بەشداریپێكردنی سیاسییانەی هاووڵاتی لە پرۆسەی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی وڵات گرنگییەكی سیاسی و یاسایی هەیە، چونكە نابێت لەبیرمان بچێت كە گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكانە و سەرچاوەی شەرعەیەتدانە بە هەموو دەسەڵاتەكانی وڵات، هەر لەو ڕوانگەیشەوە بوو كە جەنابی سەرۆك بارزانی دوای ڕاپەڕین و دوای ئەوەی كە ئەم بەشەی كوردستان لەژێر زەبر و زوڵمی ڕژێمی پێشووی عێراق ڕزگار كرا، یەكەم سەركردە بوو كە بانگەوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بێگەرد و ئازادی كرد لە سەرتاسەری باشووری كوردستان و بەم جۆرە خەباتی شاخ گواسترایەوە بۆ خەباتی ناوشار بە ڕێگەیەكی مەدەنیانە و دیموكراسیانە.''

گوتیشی: "كوردستان براوە دەبێت ئەگەر پێداگر بێت لە جێبەجێكردنی ڕوكنە سەرەكییەكانی دیموكراسی كە خۆی لە هەڵبژاردن و پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی پێكهاتەكان و شەفافیەت و چاكسازی و... هتد دەبینێتەوە. بیرمان نەچێت كە دیمكراسی بە واتای حوكمی گەل دێت و حوكمی گەلیش لە ڕێگەی هەڵبژاردنەكانەوە ڕەنگدانەوەی خۆی دەبێت، هەرێمی كوردستان پێویستی بەوەیە كە لە ئاستی نێودەوڵەتی متمانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و خاوەن بڕیار بەدەست بهێنێت و ئەوانیش بابەتی دیموكراسی و حوكمی ڕەشید و هەڵبژاردنی سەرەوەخت لایان زۆر گرنگە".

''گرنگە هەموو پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بابەتی نەتەوەیی و دیموكراسی و هەڵبژاردن و چاكسازی و دەستوور و بابەتی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندیی خەلك و داهاتووی ئەو هەرێمە نەخەنە ناو معامەلە و بگرە و بەردەی بەرتەسكی حزبی. ناكرێت بۆ ئەوەی تۆمەتبارێك سزا نەدرێت، یان دزی و قاچاخت ئاشكرا نەكرێت، ئەوا بابەتی هەڵبژاردن وەك كارتێكی فشار بەكار بێنی و بیبەستییەوە بە جێبەجێكردنی داواكاریی كەسی و حزبی. ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆی، یان دواخستنی هەڵبژاردنەكان كۆی ئەزموونی دیموكراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی دیموكراسی و ئەوانەی پاڵپشتیی هەرێم دەكەن پێداچوونەوە بە دیدگای خۆیاندا بكەن بەرامبەر بە هەرێم.'' نەدامێرگە سورى واى گوت.

ئیسماعیل هەورامى چاودێرى سیاسیی بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستان، پێویستە لە کاتێکى نزیکدا لە کوردستان هەڵبژاردنێکى پاک ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردن نابێت تەنها لە ڕووى سیاسییەوە لە بەرچاو بگرى، کۆمەڵێ ڕەهەندى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى لێ دەکەوێتەوە، کاریگەریى لەسەر پێوەندى و مامەڵەى حکوومەتەکان لەگەڵ حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەبێت".

 

گوتىشی: "نەبوونى دەستوور کێشە بووە کە هەڵبژاردن لە کاتى خۆی دوا بکەوێت، ئەگەر دەستوور هەبێت و ڕۆژى هەڵبژاردن دیارى دەکات، هیچ گرووپ و هێزێک ناتوانێت لەمەڕ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆى کاتى هەڵبژاردن بگۆڕێت، ئەرکى یاسایی جەنابى سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە ڕۆژى هەڵبژاردن دیارى بکات، نابێت خاترگرتن هەبێت، بنەماکانى دیموکراسى لە وڵات بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەى حوکمڕانیى کوردستان بنەماکانى مۆدێرنە بێت، دەبێ هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، پێداگریى پارتى و سەرۆک بارزانى بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن ئەوەیە حزبى یەکەمى کوردستانە و ئەرکى سەرشانیشى زیاترە و دەیەوێت هەمیشە ڕوویەکى شەرعى و دیموکراسى بە حوکمڕانیی کوردستان بدرێت.''

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار