پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا نوێنەریان هەبێت

هەولێر -KDP.info- هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان پرسێکی گەرمی ڕۆژە و تا ئێستا هیچ وادەیەکی بۆ دیاری نەکراوە، هەر لایەن و حزبێک، پێکهاتەکانیش داوای مافی خۆیان لەنێو یاسای هەڵبژاردندا دەکەن و خەڵکیش چاوەڕێی گۆرانکارییەکانن، بەڕێوەبەری گشتیی داتای سەربەخۆی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لایەنە سیاسییەکان و حزبەکان نەگەیشتوون بە سازان، بۆ ئەوەی خەڵک نائومێد نەبێت پێویستە لایەنە سیاسییەکان بکەونە ڕێککەوتن و وادەیەکی بۆ دیاری بکەن.
هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ە، یاساکە تا ئێستا ٧ جار هەموار کراوەتەوە و خواستی لایەنە کوردستانییەکان ئەوەیە بۆ جاری هەشتەم هەموار بکرێتەوە، سەبارەت بەمە، کاروان جەلال شا، بەڕێوەبەری گشتیی داتا لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ شێوازی هەموارکردنەوەکە تا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوون بە ئالیەتێکی گونجاوی هاوبەش بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکەوە لە وادەی خۆیدا هەمواری بکەنەوە، ئەوەش وای کرد پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، چونکە سازان لە نێوان حزبەکانی کوردستان نەبوو، بەتایبەت حزبە سەرەکییەکان، بۆیە هەڵبژاردن دوا خرا لەو وادەیەی بۆی دیاری کرابوو.''
ئەم بابەتە ڕێژەییە، یەکێک لەوانە پابەندبوونە بەم وڵاتانەی دەستووریان هەیە، چونکە بنەمای دیموکراسیەت و پێکەوەژیان لەم وڵاتە فەراهەم دەکات بۆ هاووڵاتیان بە دیاریکردنی ئەو حزب و لایەن و کەسایەتییەی هەڵیدەبژێرێ و نوێنەرایەتییان دەکات بۆ ئەو ماوە دیاریکراوەی کە دانراوە، جا چوار ساڵە، یان زیاتر، لە هەندێک جێگا بۆ ئەم یاسایەی دیاری کراوە، جا حزبە سیاسییەکان دەبێت پابەندی ئەو کاتە بن کە دیاری کراوە، بۆ ئەوەی خەڵک نائومێد نەبێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتن و ڕێکەوتێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت لەگەڵ یاسایەک و کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین هەڵبژاردن بکەین، ئومێدەوارین بە زووترین کات لایەنەکان بگەنە سازان و خزمەتی هەرێمی کوردستان بکەین.''
هاوکات، ڕوبینا تەیاری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پێکهاتەی مەسیحی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەبێت لە پەرلەمانی كوردستان کورسی زیاد بكرێت و لەگەڵ پێكهێنانەوەی كۆمسیۆنیش نوێنەر هەبێت و، بە هەموو شێوەیەك دەستكاریی كورسیی نوێنەری پێکهاتەکان لە هەرێمی كوردستان ڕەت دەكەینەوە، چونكە ئەوە مافی پێكهاتەكانە و لەگەڵ هەمواری یاساكەش پێویستە جێگیر بکرێتەوە.''
مونا قاهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، لە بەشی پێکهاتەی تورکمانییەکان زیاتر بۆ ئەم پرسە دەڵێت: "وەک پێکهاتەی تورکمان ئامادەی هەڵبژاردنین، بەڵام بە مەرجێک لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا ڕا و بۆچوونی پێکهاتەی تورکمان وەربگیرێت و فەرامۆش نەکرێت.''
هاوکات پێکهاتەکانی تریش وەک ئیزدی و کاکەیی و ئەوانی تریش داوای مافی خۆیان لە یاسای هەڵبژاردن دەکەن.
فایزە کۆیی




