٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد کەمال: دانانی قایمقامی داقووق لەلایەن راکان جبوورییەوە ڕەت دەکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، کەسێکی بە ڕەگەز عەرەبی کردووەتە قایمقامی داقووق و بەرپرسی لقی پارتییش لە کەرکووک دەڵێت: ''نەک ئێمە نوێنەرانی عەرەبی دژی ئەو ھەنگاوەی جبوورین و دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بەو شێوەیە ڕەت دەکەینەوە.''

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پارێزگاری کەرکووک بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، فەرمانبەرێکی پەروەردەی بە ڕەگەز عەڕەبی بە ناوی عەبدولستار عەلی مەحموود کردووەتە قایمقامی قەزای داقووق و ماوەیەکە لەو سنوورە بەبێ پرسکردن و گەڕانەوە بۆ بەغدا بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام دیاری دەکرێن، نەک تەنیا ئێمە ڕەتی دەکەینەوە، ھەندێک نوێنەری عەرەبیش دژی ئەو ھەنگاوانەی پارێزگاری کەرکووکن.''

بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک دەشڵێت: ''ڕێژەی عەرەب بەروارد بە کورد لە داقووق زۆر کەمە و پێویستە پۆستی قایمقام بۆ کورد بێت، نەک پارێزگار بە ئارەزووی خۆی خەڵک لە پۆستەکان دابنێت، ئەمە کاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ئەو ناوچانە دەبێـت.''

محەمەد کەمال ڕوونی کردەوە: ''دانانی قایمقامی عەرەب لە ناوچە کوردستانییەکان درێژەپێدەری تەعریبە و چوون لەنێو کەرکووک پرۆسەی تەعریب ھەر بەردەوامە، دانانی کەسانی ئیداری لە ناوچە کوردستانییەکان دەرفەتێکی دیکەیە بۆ درێژەدان بە عەرەبکردنی ناوچەکە و مەترسی لەسەر ڕەوشی ئەو ناوچانە و خەڵکە ڕەسەنەکەی دەبێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار