یادگار مەحموود: تا ئێستا دیار نییه كه‌ی پرۆژەیاسای بودجه‌ی 2023 دەگاتە پەرلەمان

به‌غدا -KDP.info- به‌رزی و نزمیی به‌های دراوی عێراقی به‌رامبه‌ر دۆلار و ناجێگیریی نرخی نه‌وت له بازاڕی وزه‌دا و پشتبه‌ستنی عێراق به تاكه سه‌رچاوه‌ی داهات كه نه‌وته، وای كردووه تا ئێستا ڕوون نه‌بێت له چ كاتێكدا پرۆژەیاسای بودجه‌ی عێراق له ساڵی 2023دا بۆ گفتوگۆكردنی ده‌نێردرێته په‌رله‌مانی عێراق.
یادگار مه‌حموود، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی، به ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "سه‌باره‌ت به پرۆژەیاسای میزانییه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2023 وه‌كوو هه‌موو ساڵانی پێشوو گه‌وره‌ترین پشك تێیدا ته‌رخان ده‌كرێ بۆ بودجه‌ی ته‌شغیلی، دیاره حكوومه‌تی محەمەد شیاع سوودانی ده‌ڵێ كه به‌شی به‌رچاوی ئه‌م بودجه‌یه بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی و یارمه‌تیی چینی دەستکورت و هه‌ژاری وڵات ته‌رخان ده‌كه‌ین، دیاره به‌رای ئێمه به‌داخه‌وه ئه‌م گشتیكردنه بێپلانه سیاسه‌تێكی ڕوون و ڕوئیایه‌كی وردی ئابووریی تێدا نییه بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان له عێراقدا.''
له‌باره‌ی دیاریكردنی نرخی نه‌وت به نێونج و شكاندنه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به دینار یادگار مه‌حموود گوتی: "یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كە نرخی نه‌وت به نێونجی 65 بۆ 75 دۆلار خه‌مڵێنراوه و به‌های دراویش بە 1450 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك دیاری كراوه.''
ئەو پەرلەمانتارە دەرباره‌ی ناردنی پرۆژه‌یاسای بودجه بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕوونی كرده‌وه: "تا ئێستا پرۆژەیاسای بودجه نه‌هاتووه‌ته په‌رله‌مانه‌وه و به‌پێی دوایین زانیاری به‌شێك له‌و بودجه‌یه كه دیاری ده‌كرێ په‌یوه‌ندیداره به پشكی هه‌رێم كه له 12.67% بۆ 14% خه‌مڵێنراوه بۆ ساڵی 2023، ئه‌وه كه نه‌هاتووه‌ته په‌رله‌مانه‌وه تا ئێستا به‌شی گرنگی له‌به‌ر ساغنه‌بوونه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و عه‌قدانه‌ی كه داوا ده‌كرێ بكرێنه عه‌قدی ته‌شغیلیی سابت و له پرۆژه‌یاساكه‌دا دیاری بكرێت و دواین جار وه‌زاره‌تی دارایی پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌دا ده‌كات، چونكه وه‌زاره‌تی دارایی خۆیان تایبه‌تمه‌ندن به‌و بواره، به‌ڵام هه‌واڵێكی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی به دیاریكراوی بگوترێ له چ كاتێكی دیاریكراودا پرۆژه‌یاساكه دێته په‌رله‌مان، دیاری نه‌كراوه، تا ئێستا ئێمه وه‌ك ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران چاوەڕێی هاتنی پرۆژەیاساكه‌ین بۆ ئه‌نجومه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ئه‌م دوو مانگه‌دا گفتوگۆی چڕوپڕی له‌سه‌ر بكرێت و دواجار بنێردرێته‌وه بۆ لایه‌نی جێبه‌جێكردن، به‌ڵام پێ ده‌چێ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار و لێڵییه‌ك كه له جێگیریی بازاڕی نه‌وتیشدا هه‌یه ئه‌وه دۆخێكی نادڵنیایی دروست كردووه و بووەته هۆی ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسه‌كه دوا بخرێت و نه‌نێردرێت بۆ په‌رله‌مان، چونكه خۆتان ده‌زانن 90% داهاتی عێراق له‌سه‌ر نه‌وته و داهاتی نانه‌وتی ڕێژه‌كه‌ی زۆر كه‌مه، بۆیه هه‌ر هه‌ڵبه‌زودابه‌زێك له بازاڕی وزه‌دا بێته ئاراوه، بێگومان كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه ده‌بێت كه ته‌نها پشتیان به داهاتی نه‌وت به‌ستووه و عێراقیش یه‌كێك له‌و وڵاته ته‌كبه‌رهه‌مانه‌یه كه پشتی به فرۆشتنی نه‌وتی خاو به‌ستووه بۆ دابینكردنی بودجه‌ی خۆی.''
سه‌لاح جه‌لال




