ئومێد خۆشناو: سەرۆکی حکوومەت ئێمەی ڕاسپاردبوو هەرچی پێویستە بۆ منداڵە ونبووەکە بکەین

هەولێر -KDP.info- پارێزگاری هەولێر گوتی، تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی شاری هەولێر بەردەوام هەوڵی دۆزینەوەی ئەو منداڵەیان دەدا کە لە شاری هەولێر ون ببوو، بەداخەوە ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە و سەرۆکی حکوومەتیش بەردەوام چاودێریی دۆخەکەی دەکرد و پرسیاری سۆراغی منداڵەکەی دەکرد و ئێمەی ڕاسپاردبوو هەرچی پێویست بێت بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ بەداخەوە لە چاڵێکدا تەرمی منداڵەکە دۆزرایەوە.
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دۆزینەوەی تەرمی منداڵە ونبووەکەی هەولێر ئەیووب ئەحمەد گوتی: بەداخەوە 13رۆژ بەر لە ئێستا منداڵێک بە ناوی ئەیوب ئەحمەد ون بوو ئەوەی پێویست بوو بۆی کرا بۆ دۆزینەوەی منداڵەکە لەلایەن ئاسایش و پۆلیس و بەرگریی شارستانی و تیمەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی فرۆکەوانیی هەولێر و بە هەموو جۆرێک بەدوای سۆراغی ئەو منداڵە دەگەڕان و ئەمڕۆ نیوەڕۆ هاووڵاتییەک لە نزیک شوشتنگەیەکی ئۆتۆمبێل لە چاڵێکدا تەرمێکی دۆزییەوە و تیمەکانیش بەهانایەوە چوون و کاک ئەحمەد باوکی منداڵەکە و خانەوادەکەی پشتڕاستیان کردووەتەوە ئەوە منداڵەکەی ئەوانە و ئێستا لە پزیشکیی دادییە و توێکاریی بۆ دەکرێت، ئێمە وێرای سەرخۆشی لە کاک ئەحمەد و خانەوادەکەیان، هیوادارین خودا سێبورییان بدات و دەستخۆشییش لە هەموو تیمەکان دەکەین، هەروەها لە خەڵکی شاری هەولێر کە جگە لە هەموو تیمەکانی حکوومەت هەمووان نیگەران بوون هەریەک بە جۆرێک هەوڵی دەدا سۆراغێکی ئەو منداڵە ببینێتەوە .
ئومێد خۆشناو گوتیشی: ئەو بنەماڵەیە خەڵکی چیای زەردکن و چەندین ساڵە لە شاری هەولێرن و بنەماڵەیەکی بێ کێشە و گرفتن، ئەوە قەزاوقەدەری خوا بووە و کاتی ئەو منداڵە تەواو بووە و ئەو منداڵە نەخۆشیی سەرعی هەبووە، بۆیە هیچ هۆکارێکی دیکەی لەپشتەوە نییە و ئەوە کار و قەدەری خوای گەورەیە، ئێمە وەکوو ڕۆژی یەکەم پێمان ڕاگەیاندن لە خزمەت ئەو بنەماڵەیەداین و کەسوکاری ئێمەن و بە بەردەوامیش سەرۆکی حکوومەت چاودێریی دۆخەکەی دەکرد و پرسیاری سۆراغی دەکرد و تیمی سەرۆکی حکوومەت لە نووسینگەکەی لەگەڵ باوکی منداڵەکە قسەیان کردووە و ئێمەی ڕاسپاردبوو هەرچی پێویستە بکرێت و تیمەکانی حکوومەت لە هەموو ئاستێک ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد و لە کۆتاییشدا خوای گەورە سۆراغی ئەو منداڵەی بەدەر خست و هەرچی پێویستە لە ناشتنیشی ئێمە ئامادەییمان هەیە.
بڵند ئیبراهیم




