٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەمساڵ فۆرمی خۆراک دەبێتە ئەلیکترۆنی و سیستەمی پێشکەوتوو بەکار دێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای کرد، پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک دەستی پێ کردوووە و دەشڵێ، ئەمساڵ فۆرمی خۆراک دەبێتە ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی مۆبایلەوە ھاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەی تۆمارکردن بەڕێوە ببەن و بریکارەکانیش لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە ھاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە.

حوسێن سەبری، ڕێکخەری وەزارەتی بازرگانیی ھەرێم لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک دەستی پێ کردووە و لە پارێزگای نەجەف کۆتاییی ھاتووە و ئێستا لە دیالە جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە دوای پارێزگای دیالە لە پارێزگای دھۆک جێبەجێ بکرێت و ئامادەکارییەکان دەستیان پێ کردووە لە ھەموو فەرمانگەکان، ئەمساڵ (٢٠٢٣) فۆرمی خۆراک نامێنێت و دەبێتە سیستەمی ئەلیکترۆنی، کە سیستەمێکی پێشکەوتووە و ئیدی ھاووڵاتی کار بە فۆرمی وەرەقە ناکات.

بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی گوتیشی: ''سیستەمی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی پێشکەوتوو ئامادە کراوە و ھاووڵاتییان بۆ زیادکردنی ئەندامێکی خێزان، یان کاتی مردنی ئەندام بۆ ئەوەی ناوی لاببرێت تەنیا لە ڕێگەی مۆبایلەوە دەتوانێت مامەڵەی بەڕێوە ببات و پێویست بە سیستەمی کلاسیکی پێشوو ناکات.''

حوسێن سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "قۆناغی دواتر ھەموو سیستەمەکە بە بریکارەکانی خۆراکەوە دەبەسترێنەوە و لە کاتی ھاتنی بەشەخۆراکی مانگانە لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە بریکاری خۆراک ھاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە و ناوی ئەو ماددانەی بۆ ئەو مانگانەی دابەش دەکرێن دەخرێنە بەردەستی ھاووڵاتییان، ئەمەیش یەکێک لە سیستە پێشکەوتووەکان و کارئاسانی زۆر دەکات بۆ حکوومەت و بۆ ھاووڵاتییانیش.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار