ھیوا ئەحمەد مستەفا: پارتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ڕێکخراوەکانە
__2023_02_05_h15m19s22__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ بەشی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەیییەکانی پارتی لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمەڵە و سەندیکاکان کۆ بووەوە و بەرپرسی بەشی جەماوەری و پیشەیییەکانی پارتییش دەڵێت، ئێمە وەک پارتی ئامادەین بۆ ھەڵبژاردنی ھەموو سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەیییەکان.
ھیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی دەستەی جەماوەری و پیشەیییەکانی پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە دەستەی جەماوەری و پیشەیییەکانی پارتی لەگەڵ کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان و سەندیکاکان کۆ بووینەوە و تێیدا وەک پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران نیشان دا بۆ ئەوەی لە ماوەی ١٨٠ ڕۆژدا، واتە شەش مانگ کۆنگرە بۆ ڕێکخراو و کۆمەڵە پیشەیییەکان بەڕێوە بچێت و ئێمە وەک پارتی ئامادەی ھەڵبژاردنین بۆ ھەموو سەندیکا و ڕێکخراوێک.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "ئێمە ڕێز لە خزمەتی ھەموو سەندیکا و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی ھەرەوەزی دەگرین لە بەرامبەر ئەو ھەموو خزمەتەی ساڵانی ڕابردوو پێشکەش بە خەڵکی کوردستانیان کردووە، ھەر کەسێک بەردێکی لەسەر بەردێک داناوە و ھاوکار بووە لەگەڵ حکوومەت و خەڵکی کوردستان سوپاسی دەکەین.''
ھیوا ئەحمەد مستەفا ڕوونی کردەوە: "پرۆسەی ھەڵبژاردن نوێبوونەوەیە و تێیدا بەشێکی ئەو کەسانەی پێشتر لە سەندیکاکانن نامێنن و بەشێکی دیکەیان دەمێننەوە و ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھەموو سەندیکا و ڕێکخراوەکان لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنین بۆ ڕێکخراوەکان، ئەوەیش کاریگەریی لەسەر کاری ڕێکخراوەیی دەبێت و خوێنی نوێ دێتە نێو کاری ڕێکخراوەیی، داوا لە ھەموو لایەنەکانی دیکە دەکەین ئەوانیش ئامادەییی خۆیان پێشان بدەن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بۆ ڕێکخراو و سەندیکاکان بکرێت و چیی تر ئەو پرۆسەیە دوا نەخرێت.''
لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ھیوا ئەحمەد مستەفا دەڵێت: "پارتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە کاتی خۆیدا و ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین چیی تر پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نین.''
قائید میرۆ




