مستەفا چاوڕەش: ھەنگاوی باش نراون بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە

سلێمانی -KDP.info- فەرماندەی یەکەی حەفتای ھێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، ھەنگاوی باش نراون بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و پارتی و یەکێتییش کار بۆ ڕێکخستنەوەی ئەو ھێزانە دەکەن کە ھێشتا نەخراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی حەفتا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە لەشکرێکی یەکگرتووی تۆکمە ھەیە و چاکسازی لە ھێزی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە، پێشتر تەنیا ١٤ وەزارەتی پێشمەرگە ھەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەی لیواکان گەیشتوونەتە ٢٠ لیوای پێشمەرگە و ھێزەکانی پشتیوانیی ئێمە و برادەرانی پارتییش خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەوەش ھەنگاوی باش نراون بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە.
فەرماندەی یەکەی حەفتا دەشڵێت: "ھێزی پێشمەرگە بە درێژاییی مێژوو قوربانیی زۆری بەخشیوە لەپێناو کوردستان، لەبەر ئەوەیش، پێویستە پەلە بکرێت لە یەکگرتنەوەی پێشمەرگە، ڕاستە پێشتر ھێزی پێشمەرگە سەر بە پارتی و یەکێتی بوون، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان بوون و ھەردوو حزبیش کار بۆ ئەوە دەکەن ھیچ ھێزێک لە دەرەوەی وەزارەت نەمێنێ و ھەموو ھێزەکان بخرێنە سەر وەزارەت.
لەبارەی ھەوڵەکانی ھاوپەیمانانیش مستەفا چاوڕەش گوتی: "ھاوپەیمانان بەردەوام سەردانی ئێمە دەکەن و داوای یەکگرتنەوەی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بێگومان ئەگەر ھێزی پێشمەرگە یەک نەگرێتەوە ئەوە ھاوپەیمانان وەک پێشتر ھاوکاری و پاڵپشتیی ھێزی پێشمەرگە ناکەن، لەبەر ئەوەیش پێویستە ھەرێمی کوردستان گوێڕایەڵی داواکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بێت، چونکە لە شەڕی داعش و دوای شەڕیش زۆر ھاوکاری پێشمەرگە بوون.
قائید میرۆ




