٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەریم سلێمان: حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان گرێبەستی کردووە بۆ دروستکردنی بەنداو

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا -KDP.info- لقی ٦ی ئەورووپای پارتی لە ڕێگەی وێبینارەوە سیمینارێکی بۆ کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێک خست و تێیدا بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ تیشکی خستە سەر پلانی حکوومەت بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاو لە ھەرێمی کوردستان و گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەندێ گرێبەستی گەورەی کردووە لەگەڵ کۆمپانیای گەورە بۆ دروستکردنی بەنداو. ھەروەھا ڕوونی کردەوە، حکوومەت گرینگیی زۆر بە ئاسایشی خۆراک و کەرتی کشتوکاڵ دەدات.

لە سەرەتای وێبینارەکەدا، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتی: لە ڕووی تیورییەوە ئاسایشی خۆراک زۆر پێناسەی بۆ دەکرێت و کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی گرینگیی زۆری بە ئاسایشی خۆراک داوە، لەگەڵ ئەوەیشدا گرینگیی بە کەرتی ئاو و کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان داوە. بۆ ئاسایشی خۆراکی ھەر وڵاتێک، بۆ نموونە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان، پێویستە ئاماری تەواو لەبەردەست بێت بۆ ئەوەی بزانین چەند ھاووڵاتی لە ھەرێمی کوردستان دەژین و خاک و ئاوی ئێمە لە کوردستان چەندە، کاتێ ئەم ئامارانەمان زانی و ئەو زەوییانەی کە بەکار دێن بۆ کشتوکاڵ، یان دەگونجێن بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ، دەتوانین کاریان لەسەر بکەین. ئیمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانانمان هەیە کە پەیوەستە بە دابینکردنی ئەو ئامارانە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی کوردستان، وەک نەزەری لە ھەموو جیھان ھیچ وڵاتیک ناتوانێت پشت ببەستێت بە بەرھەمی ناخۆی بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی خۆی، ئەگەر باسی ئاسایشی خۆراکی کوردستان بکەین دەبێ بزانین بەرھەمی ناوخۆمان چەندە و ھاوردە چەندە، کابینەی نۆیەمین پشتیوانییەکی تەواو دەکات بۆ بەرھەمھێنانی ناوخۆ، سیستەمێکی دیکەی ئاسایشی خۆراک خەزنکردنە، بۆ نموونە، ھەر وڵاتێک دەبێ بە لایەنی کەمی بەرھەمی شەش مانگی گەنمی دابین کردبێت بۆ ئەوەی بەشی ھاووڵاتییان بکات، بۆ نموونە، لە کوردستان ئەگەر بڵێین ئاسایشی خۆراکی ئێمە باش بێت، پێویستە بۆ ماوەی شەش مانگ لە سایلۆکان گەنم خەزن بکرێت، چونکە گەنم بەرھەمێکی ستراتیجییە، ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانێکی زۆرمان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە و زۆر لێکۆڵینەوەمان کردووە، بارودۆخی ئاوی کوردستان خراپ نییە، بەڵام دەبێت ھەندێ ھەنگاو بنێین بۆ ئەوەی ئەم ئاوە بپارێزین، ئیستا ئیمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئەنجومەنێکمان پێک هێناوە بۆ پاراستنی ئاوی ھەرێمی کوردستان.

کەریم سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئیمە چەندین بەنداومان ھەیە و پێویستمان بە چەند بەنداو ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین ئاوی ژێرزەویی کوردستان بپارێزین، ئێمە نابێ ھەموو خاکی خۆمان کون کون بکەین و بیر لێ بدەین و ئاوی ژێر زەوی دەربھێنین، چونکە ئەمە کۆگایەکی ستراتیژییە، ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەندێ گرێبەستی گەورەی کردووە لەگەڵ کۆمپانیای گەورە بۆ دروستکردنی بەنداو، بۆ نموونە، لەسەر زێی گەورە کە سەرچاوەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئاوی خواردنەوە و بەگشتی بۆ ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان (ھەولێر)، ھەندی بەنداوی دیکەش گەیشتوونەتە قۆناغی تەواوبوون، لەوانە بەنداوی خنس کە بەنداوێکی زۆر گرنگە و سوودی زۆری بۆ کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژڵ و بەرھەمھێنانی کارەبا و پرۆژەی گەشتوگوزار هەیە. بەنداوێکی دیکە نزیکە تەواو دەبێت کە نزیکە لە بەنداوی دەربەندیخان و بەنداوی گۆمەسپان لە ناوچەی ھەولێر کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت. گرنگیی زیاتری ئاو ئەوەیە بەبێ ئاو ھیچ ناکرێ، کشتوکاڵ ناکرێ و ئاسایشی خۆراک نایەتە پاراستن، ئاو گرنگییەکی گەورەی لەسەر گۆڕانکاریی کەشوھەوا ھەیە بەگشتی و بەتایبەتی کەشوھەوای عێراق و کوردستان. بەرھەمی سەرەکیی ھەرێمی کوردستان گەنمە و تا ئێستا بەشی ھەرەزۆری زەویی کوردستان دەکرێتە گەنم کە بەرھەمێکی زۆر ستراتیژییە.

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەشڵێت: "جگە لە گەنم بەروبوومی زۆرمان ھەیە. بۆ نموونە، پەتاتە، لەگەڵ زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆ ژمارەیەک کۆگای ساردکەرەوە دروست کراون کە جووتیار سوودیان لێ دەبینێت، ھەر بەرھەمێک لە کوردستان بەرھەم دێت، دەبێت حسابی شەش ملیۆن ھاووڵاتی بکرێت کە دانیشتووانی ھەرێمی کوردستانن، بەڵام بازاڕێکی تر ھەیە، ئەویش عێراقە کە ٤٠ ملیۆن دانیشتووانی هەیە و دەبێتە بازاڕ بۆ بەرھەمی کوردستان. بەرھەمی دیکەمان ھەنارە، بۆ نموونە، لە شارەزوور و ھەڵەبجە و زاخۆ هەنار بە زۆری بەرھەم دێت و دەڕواتە وڵاتانی ئیمارات و بەحرین و سعوودیە و ئەورووپاش، چونکە کوالیتی و فرۆشی زۆر باشی ھەیە. بۆ بەرھەمی پەلەوەر ئێمە ئەنجومەنێکی تایبەتمان لەسەر ئاستی کوردستان ھەیە، ئەویش ئەنجومەنی پەلەوەران، ئەو پیشەسازیی دەواجنەی کە لە کوردستان ھەیە زۆر زیاتر لە پێداویستیی خۆی و زۆری دەنێردرێتە دەرەوەی کوردستان بۆ باشووری عێراق و داوایەکی زۆر لەسەر مریشکی کوردستان هەیە، کاتی بەرھەمی جووتیاری کوردستان دێتە بەرھەم ئیمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ ناھێڵێن، بەرھەمی بێگانە بێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی جووتیاری کوردستان بدەین. سیستەمی کلاسیکی کۆن نەماوە و ئێستا سیستەمێکی نوێ لە ئەورووپا ھەیە، ئێمە پەیوەندییەکی باشمان بۆ نموونە لەگەڵ ھوڵەندا ھەیە، بۆیە ئیمەش ھەوڵ دەدەین لە کوردستان وەک کشتوکاڵی ئەوان بکەین، بەو شێوەیە کەمترین زەوی و کەمترین ئاو و زۆرترین بەرھەم. دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان یاسایەکی زۆر باشی ھەیە بۆ ھێنانی وەربەرھێنەری بیانی بۆ کوردستان وەکوو وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و هۆڵەندی.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار