٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرێمی کوردستان بووەتە لایەنێک بۆ هەموو پێکهاتەکان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- لەمڕۆوە هەفتەی پێکەوەژیان و پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان و جیهانیش دەستی پێ کردووە، کە ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەرپرسێکی مەسیحییەکانیش دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بووەتە لانەیەک بۆ هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی و هەمووان پێیان خۆشە لە هەرێمی کوردستان بژین.

خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەم هەفتەیە تەرخان کراوە بۆ پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بووەتە نموونەیەک لە ناوچەکە، بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پێشهاتەکانی بەردەم پێکهاتەکان، لەوانە شەڕی سوننە و شیعە، هەرێمی کوردستان بووەتە لانەیەک بۆ هەموو پێکهاتەکان و هاتن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.''

خالید ئەلبێرت گوتیشی: ڕاستە کاتی خۆی دوو ملیۆن مەسیحی لە عێراق هەبوون پێش ڕووخانی بەعس بەشێکی زۆری کۆچی کرد بۆ هەرێم و هەرێمیان وەکوو پێگەیەک بۆخۆیان داناوە و بەشێکیشی کۆچی دەرەوەیان کرد، بەڵام زۆرینەیان مانەوە لە هەرێمی کوردستان تاوەکوو ڕووداوی سەید نەجات ڕووی دا لە ساڵی 2010 ترسێکی خستە هەموو دڵی هەموو عێراق، بۆیە کۆچکردن بەرەو دەرەوە دەستی پێ کرد و دواتر کۆچکردن وەستا، دوای ئەوەش شەڕی داعشی بەسەردا هات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە مەسیحییەکان بۆ هەرێم کۆچ بکەن و هەرێمی کوردستانیش باوەشی بۆ کردنەوە، نەک تەنها بۆ مەسیحی، بەڵکوو بۆ هەموو پێکهاتەکان.

ئەلبێرت باسی لەوەش کرد: هەرێمی کوردستان بووەتە لانەی پێکهاتەکان و شوێنی هەمووانی تێدا دەبێتەوە، بۆیە ئێستا وای لێ هاتووە هەمووان پێیان خۆشە بێن لە هەرێمی کوردستان بژین .

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار