٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە بواری ھەڵگرتنی بەرھەمی جووتیاراندا دھۆک دەبێتە یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- بە مەبەستی پاڵپشتیی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ بڕیارە ژمارەیەک کۆگای ساردکەرەوەی نوێ لە سنووری پارێزگای دھۆک دروست بکرێن و بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆکیش دەڵێت، عێراق دەبێتە یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێم بۆ کۆگاکردنی بەرھەمی ناوخۆ.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە مەبەستی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ و سوودگەیاندن بە جووتیاران، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگیی زۆر بە دروستکردنی کۆگای ھەڵگرتنی بەرھەمی ناوخۆ دەدات و ئێستا ٥٢ کۆگای هەڵگرتنی بەرھەمی ناوخۆ لە سنووری پارێزگای دھۆک ھەن و ڕەزامەندییش دراوە بە دروستکردنی ژمارەیەک کۆگای دیکە کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ١٠٠ کۆگای هەڵگرتنی بەرھەمی ناوخۆ، ئەم کۆگایانە ساردکەرەوەن و جووتیار دەتوانێت بۆ چەند مانگێک بەرھەمەکەی ھەڵگرێت و دواتر بیخاتە بازاڕەوە.''

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک گوتی: "پارێزگای دھۆک بە تەواوبوونی ئەو ھەموو کۆگایە دەبێتە یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کۆگاکردنی بەرھەمی جووتیاران و کاریگەریی لەسەر بازاڕیش دەبێت.''

ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دروستکردنی کۆگاکان دەکەوێتە دەرەوەی شار و زیاتر لەو قەزایانە دەبێت کە بەرھەمیان زۆرە، ئەمەیش لە چەند لایەکەوە گرینگە و سوودی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەوانە ھەبوونی بەرھەمی ناوخۆ بە بەردەوامی لە بازاڕدا و سوودگەیاندن بە جووتیاران بۆ ئەوەی بەشێکی بەرھەمەکانیان کۆگا بکرێن و دواتر بخرێنە بازاڕەوە.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار