٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چی وای كرد ئیدریس بارزانی ناسناوی ئەندازیاری ئاشتیی پێبدرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شەھید ئیدریس بارزانی تێپەڕ دەبێت، کە ھاوڕێیانی و خەڵکی کوردستان بە ئەندازیاری ئاشتی و دۆستی ھەژاران ناوی دەبەن، ھاوڕێیەکی ئیدریس بارزانی دەڵێ، چەندین جار ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە لە پێناو میللـەتەکەیدا.

د. ناسیح غەفوور، ھاوڕێی شەھید ئیدریس بارزانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بەر لەوەی پەیوەندی بە شۆڕشەوە بکەم، لە کەرکووک بووم و ناوی شەھید ئیدریسم بیستبوو، چونکە شەھید ئیدریس بارزانی ھەر زوو ناوی لەنێو شۆڕش دەرکرد، بە تایبەتی لە شەڕی بەناوبانگی ھەندرێن رۆڵی شەھید ئیدریس بارزانی دیار بوو، دواتر کە بوومە مامۆستا لە ناو شۆڕش شەھید ئیدریس بارزانیم ناسی".

لای خۆشیەوە، لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، شوکری نێروەیی، ھاوڕێی شەھید ئیدریس بارزانی گوتی: "لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول ئاشنایەتیم لەگەڵ شەھید ئیدریس بارزانی پەیدا کرد و تا ئەو رۆژەی وەفاتی کرد لە سلێڤانا ھاوڕێ بووین، بە درێژایی ئەو ساڵانەی لەناو شۆڕش لە نزیکەوە ناسیم و زانیاریی وردم لەسەر پەیدا کرد، ئەوەی لە شەھید ئیدریس بارزانی بینیم لە سەرکردەی دیکەی کوردم نەدیت، یەکێک لە سیفاتە ھەرە باشەکانی شەھید ئیدریس تێکەڵاوی و ئاشنایەتی بوو لەگەڵ خەڵک، بەردەوام لە کێشە و گرفتی ھاووڵاتیانی دەکۆڵییەوە و ھەوڵی چارەسەرکردنی بۆ دەدان، ئیدریس نێوبانگی لە ھاوکاری و بەھانەوەچوونی بۆ میللـەت دەرکردبوو".

بەرەبەیانی رۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٧ لە ناوچەی سلێڤانای رۆژھەڵاتی کوردستان، ئیدریس بارزانی لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا ماڵئاوایی کرد و سەرۆک بارزانی لە کتێبی بۆ مێژوو باس لە وەفاتی شەھید ئیدریس دەکات و دەڵێ: (کەسێکی لەخۆبوردوو و خاکی بوو، لێبووردە بوو و بیری لە تۆڵەکردنەوە نەدەکردەوە، زۆر جار خەڵکی ئاسایی و ھەژاری بە ئەندامێکی خێزانەکەی دەزانی، ھەستکردن بە کەموکورتیی لای بەرانبەر دەڕەواندەوە).

د. ناسیح غەفوور، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "شەھید ئیدریس بارزانی کەسێکی لێبووردە و ئاشتیخواز بوو، ھەتا لەگەڵ نەیارانی کەسێکی لێبووردە بوو، لەگەڵ ئێمەیش وەک کادیرانی حزب و خەڵکی بە گشتی کەسێکی کراوە و میھرەبان بوو، لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانی ساڵی ١٩٨٦ شەھید ئیدریس بارزانی رۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو، ھەر ئەوەش وای کرد ناسناوی ئەندازیاری ئاشتیی پێبدرێت، چەندی دەربارەی رۆڵ و پێگە و کەسایەتیی ئەو سەرکردە بلیمەتەی کورد بدوێین، تەواو نابێت، چونکە ئیدریسی جوانەمەرگە لە تەمەنێکی کەمدا خزمەتێکی زۆری گەلەکەی کرد".

شوکری نێروەیی دەڵێت: "شەھید ئیدریس بارزانی ھەمیشە ژیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە بۆ میللـەتەکەی، رۆژانە قەت ھەستی بە ماندوویەتی نەدەکرد لە خزمەتکردن ھەر لە ھاوکاری و پاڵپشتیی پێشمەرگە و کادیر و ھاووڵاتی ئاسایی بگرە تا ئاوارەیی، زۆر خزمەتی بەھەمووان کرد، دوای رێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ شەھید ئیدریس چووە بەغدا لە پێناو مافی گەلەکەی ھەر لەوێ پیلانی کوشتنیان دانا، بەڵام ئەوکات رزگاری بوو و شەھید نەبوو".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار