مەحما خەلیل: لە ئایندەیەکی نزیکدا ھێزێکی پۆلیس بۆ شنگال پێک دەهێنرێت
__2023_01_30_h18m16s15__HK.jpg)
شنگال -KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پێکهێنانی ھێزێکی پۆلیس بۆ دەڤەری شنگال گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە وەک پۆلیسی شنگال دادەمەزرێن.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی دامەزراندنی ھێزێکی پۆلیس لە شنگال گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراق ڕەزامەندییان نیشان داوە بۆ دامەزراندنی دوو ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس و نووسراوی فەرمیش دەرچووە، لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقیشدا جێگەی دامەزراندنیان بۆ کراوەتەوە.''
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "لە چەند ڕۆژی ئایندەدا پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی پۆلیسەکان بەڕێوە دەچێت و داوام لە حکوومەتی فیدڕاڵ کردبوو دەست بە مەشق و ڕاھێنانیش بکەن، بەڵام دیارە مەشق و ڕاھێنانی پۆلیسەکان دەکەوێتە دوای پەسەندکردنی بودجەی عێراق بۆ ئەوەی یەکسەر مووچەیان بۆ دابین بکرێت.''
مەحما خەلیل ڕوونی کردەوە: "ئەرکی ئەو ھێزە پاراستنی سنووری دەڤەری شنگالە لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە و بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی خەڵکی شنگال خۆیان کۆنتڕۆڵی ڕەوشی ئەمنیی سنووری خۆیان دەکەن و جێگەی ئەو ھێزانە دەگرنەوە کە ئێستا لە شنگال جێگیر کراون.''
قائید میرۆ




