کەمال موسلیم: دەمانەوێ زۆرترین هاوردە هەبێت و پێداویستیى هاووڵاتییان گران نەبێت
__2023_01_30_h17m55s19__HK.jpg)
هەڵەبجە -KDP.info- بەهۆى بەرزبوونەوەى دۆلار بەرامبەر دینارى عێراقى، پێداویستیی هاووڵاتییان لە بازاڕ بەرز بووەتەوە، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى دەڵێ، چاودێریى بازاڕمان چڕ کردووەتەوە، ڕێگە نادەین بازاڕ قۆڕخ بکرێت.
کەمال موسلیم، وەزیرى بارزگانى و پیشەسازیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "ئەو کاڵایانەى پێوەندییان بە دۆلارەوە هەیە و لە دەرەوەى وڵاتەوە هەناردەى دەکەین، تیمەکانى چاودێریى بازرگانیمان چڕ کردووەتەوە، نابێت هیچ کاڵا و خۆراکێک لەو نرخە زیاتر بەرز بکرێت کە پێوەندیى بە بەرزبوونەوەى نرخى دۆلارە".
کەمال موسلیم گوتیشى: "بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار لە بەرامبەر دینارى عێراقى، لە نێوان ٦% بۆ ٨% نرخى کاڵا گران بووە و نابێت لەو نرخانە زیاتر بەرز بکرێتەوە و بازاڕ قۆڕخ بکرێت، بەرزبوونەوەى دۆلاریش لە دەستى حکوومەتى کوردستان و عێراق نییە و دەشزانرێ هۆکارەکەى چییە".
وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتیشى: "هیچ گرفتێک لە بەردەم هاوردە نییە و بەرزبوونەوەى دۆلار کاریگەریى لەسەرى نەبووە، بازاڕ ئازادە و خەڵکێکى زۆری بازرگان هەموو پێداویستییەکان هاوردە دەکەن، لە دروستبوونى کێبڕکێ کاریگەریى دەبێت لەسەر بازاڕ، بازرگانان هان دەدەین زۆرترین پێداویستیى هاووڵاتییان هاوردە بکەن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانى هاووڵاتییان گران نەبێت".
عەزیز ڕەسووڵ




