٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوایین زانیاری لەبارەی کردنەوەی دوو خاڵی سنووری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاشکرای کرد، کە دوو خاڵی سنووری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێنەوە، یەکێکیان لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئەوەی دیکەش لە پلاندایە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت .

هەژار حەکیم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی داناوە کە خاڵێکی دیکەی سنووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بکرێتەوە، خاڵی سنووریی زێتێ کە دەکەوێتە قەزای مێرگەسۆر و ڕێوشوێنەکانی کردنەوەی ڕێگاکە بەرەو کۆتایی دەروات و نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو لە سۆران دوورە، بۆیە ئەو خاڵە سنوورییە دەبێتە کارئاسانییەکی باش بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی بەئاسانی بگەنە شوێنی مەبەست، کە تەنها بۆ هاتوچۆی گەشتیارییە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: ''بۆ کردنەوەی خاڵی سنووری کێلەشینیش لە سنووری سیدەکان ڕێوشوێنەکان دەگرنە بەر و لە پلان و بیرۆکەدا هەیە ئەویش بکرێتەوە و ببێتە خاڵێکی دیکەی سنووری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.''

هەژار حەکیم ڕوونیشی کردەوە: ''کردنەوەی ئەو دوو خاڵە سنوورییە سوودێکی زۆری دەبێت و کارئاسانییەکی باشیش بۆ هاووڵاتیان بە شێوەیەکی گشتی دەکات لە دەڤەرەکە و لە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکرێت و ئەمە یەکێکە لە پلانە ستراتیژییەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار