"پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی دوو لیژنە وەردەگرێت"
__2023_01_29_h15m57s1__ER.jpg)
بەغدا -KDP.info- ئەمڕۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتییش ئاشکرای کرد، سەرۆکی لیژنەی یاسایی و تەندروستی بەر پارتی دەکەون و پێشتر ڕێککەوتنی سیاسی کراوە.
د. سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سبەی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێن و پێشتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان ڕێککەوتنیان کردووە بۆ دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان، ئەندامانی لیژنەکان دەنگ لەسەر سەرۆک و دوو جێگر بۆ سەرۆک دەدەن و حەلبووسی و شاخەوان عەبدوڵا و موحسین مەندەلاوی ڕێککەوتنی سیاسی دەکەن و دەینێرنە کوتلە و ڕەوانەی لیژنە دەکرێت بۆ دەنگدان، تا ئێستا ٩٠%ی لیژنەکان ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکانی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کردووە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تا کۆتایی بە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکان دێت.''
لەبارەی پشکی پارتییەوە، د. سەباح سوبحی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی سەرۆکایەتیی لیژنەی یاسایی و تەندروستیی بەر دەکەوێت و لە لیژنەکانی نەفت و غاز و کشتوکاڵ جێگری یەکەم بۆ پارتی دەبێت و لە لیژنەکانی دارایی و ئاسایش و بەرگری و گواستنەوە و گەیاندن و ئابووری و بازرگانییش جێگری دووەم بۆ پارتی دەبن.''
قائید میرۆ




