٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ دامەزراندنی سندووقی ڕێگاوبان چاوەڕێی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، پێشنیاریان کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە سندووقی ڕێگاوبان دروست بکرێت، بۆ ئەوەی بەشێکی داهاتەکان بخرێتە سندووقەکەوە و پڕۆژەی پێ جێبەجێ بکەن.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پێشنیار بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی سندووقی ڕێگاوبان دامەزرێت و ئەو پارەیەی لە ڕێگاوبانەکان وەردەگیرێت، هەروەها لە وەزارەتی ناوخۆ و لە هاتوچۆش بخرێتە ناو سندووقەکەوە، پارەکەش بەشێکی بۆ وەزارەتی شارەوانی و بەشێکی بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەبێت.''

ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ''کارەکە ئاسانە و خۆی لە ژمارەیەکی حیسابی دەبینێتەوە ئەگەر ڕەزامەندی بدرێت، ئینجا ئەوکات لەسەر ئەوە دەمینێتەوە کە پارەکەی دەخرێتە ناو سندووقەکە زۆرە، یاخود کەمە، ئەگەر زۆر بێت، دەتوانن پڕۆژەی باشی پێ جێبەجێ بکەن.''

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''ئەوە هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێگەیەوە خزمەت بکەن، بۆیە چاوەڕێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی ڕەزامەندی بدرێت.''

گوتیشی: ''کە ئەو سندووقە لە هەرێمی کوردستان دامەزرا، ئەوکات دیار دەبێت چ ڕێژەیەکی داهاتەکان دەخرێتە ناو سندووقەکەوە.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار