خەدیجە عومەر: ئەگەر لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن پەرلەمان کۆبوونەوەی نائاسایی بەڕێوە دەبات

هەولێر -KDP.info- دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و ئەندامێکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانیش دەڵێت، پێشبینی ھەیە بگەنە ڕێککەوتن و پەرلەمانی کوردستانیش ئامادەیە بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کاریگەریی ھەبووە لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و ئەگەر لە کۆبوونەوەی داھاتوو لێک نزیکبوونەوەی زیاتر ھەبێت پەرلەمانیش کۆ دەبێتەوە، بەڵام پەرلەمان ئێستا لە پشوودایە و ئەگەر ئەوان بگەنە ڕێککەوتن بۆ پرسی گۆڕانکارییەکان و ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ئەوە پەرلەمان ئامادەیە کۆبوونەوەی نائاسایی بەڕێوە ببات.''
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی کە ھاوکات ئەندامی فراکسیۆنی پارتییشە دەڵێت: "ئێمە لە پەرلەمان چاوەڕێی ڕێککەوتنی لایەنەکانین و بێگومان بەرەوپێشچوون ھەبووە، بەڵام بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و گۆڕانکاری لە پەرلەمان و حکوومەت پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی ھەیە.''
خەدیجە عومەر ڕوونی کردەوە: "پەرلەمانی کوردستان جگە لە پرسی ھەڵبژاردن و گۆڕانکارییەکان چەندین پڕۆژەیاسای گرینگی لەبەر دەستە و دەیەوێ لەم خولەی پەرلەماندا پەسەند بکرێن بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرەتای مانگی ئاداری داھاتوو وەرزی نوێی یاسادانان دەست پێ دەکاتەوە و دەخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکاەوە.''
قائید میرۆ




