شاندێکی پۆلۆنیا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان کرد

هەولێر-KDP.info- لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە کژیشتۆف ووچاک، سەرۆکی ڕێکخراوی ناحکوومیی پۆلۆنیا و پسپۆڕی بواری داهێنانی کشتوکاڵی و شاندێکی یاوەری کرا.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەرپرسی دێسکی ئەورووپا و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی داهێنانی کشتوکاڵیی کۆماری پۆلۆنیادا کۆ بوونەوە، کە ڕێکخراوێکی ناحکوومیی پسپۆڕە لە بواری دابینکردنی خۆراک و داهێنانی کشتوکاڵیدا، هەروا شارەزان لە بواری دروستکردنی کۆگای ساردکەرەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و پاراستنیان لە فەوتان و پێشخستنی سامانی کشتوکاڵی.
کژیشتۆف ووچاک، سەرۆکی ڕێکخراوی داهێنانی کشتوکاڵیی کۆماری پۆلۆنیا، لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ بەشداریپێکردنی کۆمپانیاکانی پۆڵۆنیا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی لە هەولێری پایتەخت و لە چەند بوارێکیشدا وەبەرهێنانیان کردووە بۆ هێنانی کاڵاکانی پۆلۆنیا بۆ هەرێمی کوردستان کە بیرۆکەی زۆر باش و سوودبەخشیان هەبووە بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار لە بواری داهێنانی کشتوکاڵی.
لە سەردانێکی تازەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان، کژیشتۆف ووچاک، سەرۆکی ڕێکخراوی داهێنانی کشتوکاڵیی کۆماری پۆلۆنیا و شاندێکی یاوەری، بە تایبەتی سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ـیان کرد بۆ برەودان بەو هاوکاری و کارئاسانییەی لە ڕابردوودا پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ڕێگەی بۆ خۆش کردوون بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکەیان و کۆمپانیا و بزنسمانەکانی پۆلۆنیا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان ئەنجام بدەن لە چەندین سێکتەری جێی بایەخ و بەتایبەتیش لە کەرتی کشوکاڵی و داهێنانی کشتوکاڵیدا، کە ئەم ڕێکخراوە هەوڵی داوە لە هەرێمی کوردستان هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات و کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان هان بدەن ساڵانە بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێردا بکەن لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵی و... هەروا بە پێچەوانەوە لە کۆماری پۆلۆنیا چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتییان لە بواری گەشەپێدان بە کەرتی کشوکاڵی ساز دەکەن کە خوازیارن پسپۆریی خۆیان بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
کژیشتۆف ووچاک، سەرۆکی شاندی پۆلۆنی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکەیان لە چەندین وڵاتی ئەورووپایی و ئاسیای ناویندا چالاکە لە بواری وەگەڕخستنی کەرتی کشتوکاڵی و توێژینەوەی کشتوکاڵیدا و ئەو وڵاتانە سوودیان لە پسپۆڕی و ڕوانگەی ڕێکخراوەکەیان وەرگرتووە بۆ پشتبەخۆبەستن لە بواری داهێنانی کشتوکاڵیدا بە ڕێگەی دابینکردنی کۆگای ساردکەرەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی لە وڵاتەکانیان و لەم ڕێگەیەشەوە هەلی کاریان ڕەخساندووە بۆ گەنجان و پسپۆڕانی بواری داهێنانی کشتوکاڵی کە پشتئەستوور بن بە تواناکانی خۆیان و سوود وەربگرن لە تەکنیک و ئامرازی کشتوکاڵیی پۆلۆنیا.
دوای ئەوەی لە ٢٠٠٤ کۆماری پۆلۆنیا بوو بە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، ئێستا وڵاتەکەیان لە هەموو بوارەکان و بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵیدا زۆر گەشەی کردووە و لەسەر ئاستی ئەورووپا و لە وڵاتانی تری جیهانیش سوود لە پسپۆری و تەکنیکی کشتوکاڵیی کۆماری پۆلۆنیا وەردەگیرێت و وەک وڵاتێکی چالاکی یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ وڵاتانی تری ئەورووپی، کە توانیویانە کەرتی کشتوکاڵیی وڵاتەکەیان مۆدێرنتر بکەن و بەروبوومی کشتوکاڵییشیان فراوانتر بکەن.
کۆماری پۆلۆنیا ٢٤ %ی بەروبوومی کشتوکاڵیی بازاڕەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دابین دەکات، لە کاتێکدا وڵاتێکی بەهێزی وەک فەرەنسا خاوەنی ١٧%ی بەروبوومی کشتوکاڵییە، بۆیە هەرێمی کوردستانیش دەتوانێ ئەم پرۆسەیە دەست پێ بکات و چاوەڕوانی ئەنجامێکی باشتر بکات.
سەرۆکی شاندەکە گوتی، ژینگەی کوردستان لە بواری کشتوکاڵی و ئاساییش و سەقامگیرییەوە لەبار و گونجاوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکەیان بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێم، یان وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت هاوکار بێت بۆ بەرزکردنەوە و پێشخستنی ئاستی توانایی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی بۆ پێداویستییە ناوخۆیییەکان، بە تایبەتی کە کاریگەریی کەشوهەوا لە ساڵانی ڕابردوودا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سەرچاوەکانی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا، کە بە هۆیەوە هەرێمی کوردستان پەنای بردووەتە بەر هاوردەکردنی کاڵا و بەروبوومی خۆراکی لە وڵاتانی ناوچەکە کە بووەتە مایەی پشتگوێخستنی داهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی و بەهەدەردانی سەرمایەی دارایی، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سەرمایەی کشتوکاڵی و ئاو و خۆراک کە بە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی دەتوانێ بەرەو سەربەخۆیی ئابوورییەکی بەهێزتر هەنگاو بنێت.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرپرسی دێسکی ئەورووپا، لەم دیدارەدا بە تێروتەسەلی تیشکیان خستە سەر دەوڵەمەندیی خاکی کوردستان و سامانی مرۆیی و ژینگەی کشتوکاڵیی هەرێم بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی و، داواشی کرد کە ڕێکخراوی داهێنانی کشتوکاڵیی پۆلۆنیا و ڕێکخراوەکانی تری هاوشێوە لە ئەورووپا، هاوکار بن بۆ پێشخستنی داهینان لە بەروبوومی کشتوکاڵیدا، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پشت بە توانا ناوخۆیییەکانی خۆی ببەستێت.
لە لایەکی تریشەوە، بە ناوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، هەموو ئاسانکاری و هەماهەنگییەکیان پێشان دا کە بە هاوکاریی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگە خۆش بکرێت بۆ وەبەرهێنەران و کۆمپانیا پۆلۆنی و بیانییەکان بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.




