بێوار خنسی: ھەندێ لایەن ڕێگرن لە دەرکردنی یاسای نەوت و غازی عێراق

هەولێر-KDP.info- بڕیار بوو لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و غازی عێراق ئامادە بکرێت و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ھەرێم ئامادەیە، بەڵام ھەندێ لایەنی عێراقی نایانەوێت عێراق ببێتە خاوەنی یاسای نەوت و غاز و کۆسپ دەخەنە بەردەم پرۆسەکە و چەندین مەلەفی مەترسیداریش ئاشکرا بوون.
د. بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری وزە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دیار بوو بەڕێوەبردنی عێراق بەو شێوەیە نابێت، وڵاتێک ڕۆژانە چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم بێنێ و ڕێژەی ھەژاری بگاتە ٣٠%، ئەمە نیشانەی ئەوەیە بنەمای فیدڕاڵ نییە و پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە، لەوانەش کەرتی نەوت و غاز، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و غاز ئامادە بکرێت و بە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان یاساکە دەر بکرێت و ببێتە ھۆکاری ڕێکخستنەوەی کەرتی نەوت و غاز.
ڕاێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ کاروباری وزە گوتی: "دوای کارکردنی سوودانی لەسەر کەرتی نەوت، دەرکەوت گەندەڵییەکی زۆر مەترسیدار لە کەرتی نەوتی عێراقدا ھەیە و مەترسیی زۆر گەورەی لەسەر کەتەکە دروست کردووە، بە شێوەیەک لەوانەیە ببێتە ھۆی کۆتاییھێنان بەو کەرتەکە، فشارێکی زۆری ھەرێمی لەسەر عێراق ھەیە و کۆسپ بۆ چاکسازی دروست دەکرێت.''
پەیوەست بە ھەنگاوەکانی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز، د. بێوار خنسی ڕوونی کردەوە: "ھەرێم لە سەرەتاوە ئامادەیی نیشان داوە لیژنەیەک بە نوێنەرایەتیی ھەرێم و پارێزگاکان پێک بێت بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز کە لەگەڵ بنەمای دەوڵەتێکی فیدڕاڵ بگونجێ، بەڵام ڕێگری ھەیە و ھەندێ لایەن لەنێو حکوومەتی عێراقدا ھەن نایانەوێت یاسای نەوت و غاز دەربچێت، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا سوودانی کاری کردووە لەسەر کەرتی نەوت، ھەندێ مەلەفی مەترسیداری ئاشکرا کردوە و پارەیەکی زۆر بەھەدەر دەدرێت، ئەگەر ھاوکاری نەکرێت ئەوە نەک شەش مانگ، ھەتاھەتایە عێراق نابێتە خاوەنی یاسای نەوت و غاز، چونکە ھەندێ لایەن دەیانەوێت عێراق بەو شێوەیە بەڕێوە بچێت.''
قائید میرۆ




